کوردستان

03:55 - 09/05/2019

ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ی وه‌ك پشكی كۆمه‌ڵ باسده‌كران دابه‌شكران‌

پەیسەر

پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ دوو وەزارەتی دانا بوو بۆ ئه‌و كاته‌ی كه‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌شداری كابینه‌ی نوێ ده‌بێت، به‌ڵام به‌هۆی یه‌كلابوونه‌وه‌ی به‌شدارینه‌كردنی ئه‌و لایه‌نه‌ وەزارەتەكان بەسەر دوو حزبدا دابەش دەكات كە یەكێكیان ده‌درێته‌ بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگاداری ناو پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دەستی كەوتووە، دوای ئەوەی پارتی گه‌رم و گۆڕ نه‌بوو له‌ بەشداریپێكردنی كۆمەڵی ئیسلامی لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، له‌ ئێستا بڕیاریداوه‌ ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ی وه‌ك پشكی كۆمه‌ڵ دیاریكرابوون دابەش بكات.

به‌پێێ زانیارییه‌كان، پارتی به‌ نیازه‌ دوو وه‌زاره‌ته‌كه‌  یەكێكیان بداته‌ بزوتنەوەی ئیسلامی و ئەوی تریش بداتە مەسحیەكان و لەناو مەسیحیەكانیش بدرێتە هاوپەیمانی یەكێتی نەتەوەیی كە لەلایەن رۆمیۆ هەكاریەوە سەرۆكایەتی دەكرێت و خاوەنی سێ كورسی پەرلەمانن.

پێشتر پارتی دیموكراتی كوردستان دوو وەزارەتی بۆ كۆمەڵی ئیسلامی دیاری كردبوو، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزبوونی پەیوەندیەكانیان پارتی لەبەشداری پێكردنی كۆمەڵ پاشگەزبۆوە، لەبەرامبەردا رۆژی چوارشەممەكۆمەڵی ئیسلامی دەنگی بەهەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم نەدا.