کوردستان

01:44 - 09/05/2019

بایی ئەوە بەڵگە دەستخراوە شاسوار عەبدولواحیدی پێ دادگایی بكرێت‌

پەیسەر

لەئەنجامی لێكۆڵینەوە لەو سكاڵایانەی لەسەر شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ تۆماركراوە، بایی ئەوە بەڵگە دەستخراوە، ناوبراوی پێ دادگایی بكرێت.

بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگادارو نزیك لەكەیسی لێكۆڵینەوە لەسەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌، بەهۆی لێكۆڵینەوە لەو كەسانەی تائێستا دەستگیركراون، دەست بەسەر دەیان بەڵگەنامەدا گیراوە، كە دەیسەلمێنن، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌‌و كەسە نزیكەكانی، هەڕەشەیان لەچەندین كەس كردووە.

هەر بەپێی سەرچاوەكە، لەماوەی چەند رۆژی رابردوو چەند دادوەرێك بە بەردەوامی لێكۆڵینەوەیان لەكەسە دەستگیركراوەكان كردووەو ئەوانیش دانیان بە چەندین شت ناوەو بەڤیدیۆش دانپێدانانەكەیان تۆماركراوە.

سكاڵاكەی سەر سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌، لەلایەن پەرلەمانتار شادی نەوازد پەرلەمانتاری نەوەی نوێ‌ لەپەرلەمانی كوردستان‌و چەند پەرلەمانتارێكی ترو داواكاری گشتی تۆماركراوە، كە بەهۆیەوە تائێستا چەند كەسێك دەستگیركراون‌و لێكۆڵینەوەیان لێدەكرێت.

سەرچاوەكە ئاشكراشیكرد، كە لێكۆڵینەوەكان بەرەو كۆتایی دەچن‌و لەچەند رۆژی داهاتوو دانپێدانانی تۆمەتبارەكان بۆ رای گشتی ئاشكرادەكرێت‌و سكاڵاكەش دەچێتە قۆناغی ترەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، بەهۆی ئەو سكاڵایەو دەستگیركردنی چەند كەسێك، ماوەی سێ‌ رۆژە شاسوار عەبدولواحید نووسینگەی سەرەكی لەشاری سلێمانی جێهێشتووەو چووەتە شاری هەولێر، كە لەو شارەش شوێنی دیارنییە.