کوردستان

03:53 - 07/05/2019

سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ شوێن نادیاره‌‌

پەیسەر

سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ شوێنى نادیاره‌، دواى ئه‌وه‌ى چه‌ند جارێك هێزه‌ ئه‌منییه‌كان چوونه‌ نوسینگه‌كه‌ى ئێستا دیار نییه‌ له‌و كوێیه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، له‌ئێستادا شوێنی مانه‌وه‌ی شاسوار عه‌بدولواحد دیارنییه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن یه‌كێك له‌سكرتێره‌كانیه‌وه‌ داننراوه‌ به‌ چه‌ند زانیاریه‌یك ده‌رباره‌ی رۆڵی شاسوار عه‌بدولواحد له‌هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌په‌رله‌مانتاران و ئه‌ندامانی نه‌وه‌ی نوێ، بۆیه‌ له‌لایه‌ن دادگاوه‌ داواكراوه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت، شاسوار عه‌بدولواحید له‌رێگه‌ی هیچ كام له‌ فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی و ده‌روازه‌سنوریه‌كانی هه‌رێم و وڵاتانی دراوسێ گه‌شتی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی نه‌كردووه‌، و له‌ئێستادا باسی بوونی دوو سیناریۆ ده‌كرێت، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ باڵێكی یه‌كێتی له‌سلێمانی دڵده‌یان دابێت و هه‌وڵ بده‌ن بیپارێزن له‌ چوونى بۆ دادگا، سیناریۆی دووه‌میش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌گوترێت خۆی گه‌یاندۆته‌ به‌غداد و له‌هه‌رێمی كوردستان نه‌ماوه‌.

دوو سكاڵا له‌سه‌ر نه‌وه‌ى نوێ تۆماركراوه‌و تا ئێستا چه‌ند كه‌سێك وه‌ك تۆمه‌تبار ده‌ستگیركراون، به‌ تۆمه‌تى ئه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ى بڵاوكردنه‌وه‌ى گرته‌ى سێكسییان كرد له‌ په‌رله‌مانتاره‌كان، سكاڵایه‌كیان هى په‌رله‌مانتار شادى نه‌وزاده‌و سكاڵاكه‌ى دیكه‌ش هى داواكارى گشتییه‌.