کوردستان

12:15 - 04/12/2018

یه‌كێتی و ئیسلاح ده‌یانه‌وێت دانیشتنی په‌رله‌مان په‌كبخه‌ن‌

پەیسەر

دوای ئه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، لیستی كاندیدانی هه‌شت وه‌زاره‌ته‌كه‌ی ره‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كرد، له‌ ئێستادا یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و به‌ره‌ی ئیسلاح به‌ رابه‌رایه‌تی موقته‌دا سه‌در له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دان نیسابی یاسایی دانیشتنه‌كه‌ی په‌رله‌مان ته‌واو نه‌بێت.


ئه‌مشه‌و سه‌رۆك وه‌زیرانی ناوی هه‌شت كاندیدی بۆ وه‌رگرتنی پۆسته‌ وه‌زارییه‌كان ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان كرد كه‌ برتین له‌(عه‌بدولئه‌میر غالب ئه‌لحه‌مدانی بۆ وه‌زیری رۆشنبیری - قوسه‌ی عه‌بدولوه‌هاب بۆ وه‌زیری خوێندنی باڵا- دكتۆر سه‌با ئه‌لتائی بۆ وه‌زیری په‌روه‌رده‌- هه‌نا عه‌مانوئێل بۆ وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌ران، مه‌سیحیه‌ و نزیكه‌ له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان - فالح فه‌یاز بۆ وه‌زیری ناوخۆ - دادوه‌ر دارا نوره‌دین بۆ وه‌زیری داد- كاندیدی سه‌ربه‌خۆیه‌ و له‌سه‌ر پشكی كورد پۆسته‌كه‌ی پێدراوه‌- دكتۆر نوری سه‌باح دلێمی بۆ وه‌زیری پلاندانان -فه‌یسه‌ڵ جه‌ربا بۆ وه‌زیری به‌رگری) ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان كرد.

دیاریكردنی ناوی ئه‌و كاندیدانه‌ نیگه‌رانی لای یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و به‌ره‌ی ئیسلاح به‌ رابه‌رایه‌تی موقته‌دا سه‌در دروستكردووه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانی په‌یسه‌رپرێس له‌ ئێستادا ئه‌و دوو لایه‌نه‌ له‌ په‌یوه‌ندیكردندان به‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌ عێراقیه‌كانه‌وه،‌ بۆ ئه‌وه‌ی نوێنه‌ره‌كانیان نه‌چنه‌ دانیشتنه‌ی سبه‌ینێی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه‌.

 ئامانجی ئه‌م دوو لایه‌نه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نیسابی یاسایی دانیشتنه‌كه‌ی سبه‌ینێ ته‌واو نه‌بێت و كۆبوونه‌وه‌ی سبه‌ینێ سه‌ركه‌توو نه‌بێت و متمانه‌ به‌ كاندیده‌كان نه‌درێت.

یه‌كێتی ده‌یه‌وێت كاندیده‌كه‌ی كه‌ (باس له‌ خالید شوانی ده‌كرا)، بۆ وه‌رگرتنی وه‌زاره‌تی داد ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكرێت، به‌ره‌ی ئیسلاحیش له‌ كاندیدبوونی فالح فه‌یاز نیگه‌رانه‌و نایه‌وێت ئه‌و به‌ربژێر بێت بۆ وه‌رگرتنی وه‌زاره‌تی ناوخۆ.