09:22 - 07/05/2019
هەوڵی چارەسەری كێشە ناوخۆیەكانی كۆمەڵ شكست دەهێنێت
بەهۆی ئەوەی ئەندامە دەستلەكاركێشاوەكانی كۆمەڵ مەرجیان هەبوو بۆ گەرانەوە و سەركردایەتی ئەو حزبەش مەرجەكانی رەتكردەوە، هەوڵێك بۆ چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانی كۆمەڵ شكست دەهێنێت.
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، لەچەند رۆژی رابردوودا هەوڵێك هەبووە بۆ چارەسەری كێشەی ناوخۆی كۆمەڵی ئیسلامی و گەڕانەوەی ئەندامە دەستلەكاركێشاوەكانی ئەو حزبە، بەڵام ئەو ئەندامانە مەرجی ئەوەیان هەبووە كە كاتی بەستنی كۆنگرە دیاری بكرێت و عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵیش جارێكی تر خۆی كاندید نەكاتەوە، بەڵام سەركردایەتی كۆمەڵ مەرجەكانیان رەتكردۆتەوە.
سەبارەت بەهۆكاری رەتكردنەوەی ئەو مەرجە سەرچاوەكە دەڵێت، پەیوەندی بە مانەوە یان رۆیشتنی ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیەوە نیە هێندەی پەیوەندی بەوەوە هەیە كە مەرج لەهیچ كەسێك قبوڵ ناكەن.
رۆژی 19ی نیسانی رابردوو سێ ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی دەستیان لەكاركێشایەوە و لەدوای ئەوەش ژمارەیەك كادیری تری ئەو حزبە بۆ پشتیوانی ئەو سێ ئەندامە دەستیان لەكاركێشایەوە.