کوردستان

04:04 - 06/05/2019

ئاماده‌كاری بۆ كۆبوونه‌وه‌ی سێ قۆڵی ده‌كرێت‌

پەیسەر

ئاماده‌كاری بۆ كۆبوونه‌وه‌ی سێ قۆڵی گۆڕان، پارتی، یه‌كێتی ده‌كرێت و هه‌رسێ لایه‌نیش رازین.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌ دوای رێككه‌وتنه‌كه‌ی دوێنێی پارتی و یه‌كێتی، له‌ئێستادا پارتی ئاماده‌كاری ده‌كات بۆ كۆبوونه‌وه‌ی سێ قۆڵی گۆڕان، پارتی، یه‌كێتی و هیچ لایه‌نێكیش دژی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ نیه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت، یه‌كێتی ئاماده‌یی ده‌ربڕیوه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌رێوه‌بچێت به‌مه‌رجێك تێیدا ته‌نها پرسی كارنامه‌ی حكومه‌ت تاوتوێ بكرێت و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش پێی باشه‌ له‌سه‌ر ئاستی وه‌فدی دانوستانكار بێت نه‌ك له‌سه‌ر ئاستی باڵا.

له‌ماوه‌ی رابردوودا یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كۆبونه‌وه‌ی سێ قۆڵی ره‌تده‌كرده‌وه‌ تا ئه‌وكاته‌ی له‌گه‌ڵ پارتی رێككه‌وتن ده‌رباره‌ی كابینه‌ی حكومه‌ت واژۆ ده‌كه‌ن.

دوێنێ یه‌كێتی و پارتی له‌شاری سلێمانی دوا رێككه‌وتنی دووقۆڵیان ده‌رباره‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت واژۆ كرد.