کوردستان

03:38 - 06/05/2019

پارتى بۆ به‌شدارى كۆمه‌ڵ نه‌رمى ده‌نوێنێت و مه‌رجێکیش ده‌خاته‌ڕوو‌

پەیسەر

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، پارتی نه‌رمی نواندووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌شداری له‌حكومه‌ت بكات، هەرچەندە به‌شێك له‌وه‌زاره‌ته‌كان بۆ لایه‌نه‌كان یه‌كلایی بوونه‌وه‌ به‌ڵام هێشتا ژماره‌یه‌ك وه‌زاره‌ت ماون كه‌ ده‌تواندرێت كۆمه‌ڵ وه‌ریان بگرێت.

سه‌باره‌ت به‌مه‌رجی پارتیش سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت، مەرجەکە ئەوەیە كۆمه‌ڵ به‌شداری داڕشتنه‌وه‌ی كارنامه‌ی حكومه‌ت ناكات و به‌رنامه‌ی كۆمه‌ڵ بۆ هه‌ڵبژاردنی 30 ی ئه‌یلولی په‌رله‌مانی كوردستان نابێته‌ به‌شێك له‌كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم، بەڵام پارتی گوتویەتی كۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌رنامه‌ی حزبه‌كه‌ی بۆ حكومه‌ت به‌رێته‌ په‌رله‌مان و له‌رێگه‌ی پرۆژه‌وه‌ بیخاته‌ڕوو.

پارتى هه‌روه‌ها راى وایه‌، له‌كاتی به‌شداری كۆمه‌ڵ له‌حكومه‌ت پرۆژه‌كه‌یان له‌ په‌رله‌مان سیمای ئۆپۆزسیۆن بوونی پێوه‌ دیارنه‌بێت، سه‌باره‌ت به‌ وه‌ڵامی كۆمه‌ڵیش سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌ و به‌و میكانزمه‌ به‌شداری له‌حكومه‌ت ناكات.

عه‌لى باپیر له‌ ٢٢ى نیسانى رابردوو رایگه‌یاند، پێى وایه‌ به‌شدارى كۆمه‌ڵ له‌ حكومه‌ت خێرى تێدا نابێت، تا ئێستا كۆمه‌ڵ وه‌ك حزب بڕیارى فه‌رمى نه‌داوه‌ كه‌ به‌شدار ده‌بێت له‌ حكومه‌ت یاخود ده‌بێته‌ ئۆپۆزسیۆن.