کوردستان

02:46 - 06/05/2019

ئه‌و مۆبایله‌ى هه‌ڕه‌شه‌ى له‌ په‌رله‌مانتاره‌كان پێ كرا دۆزرایه‌وه‌‌

پەیسەر

ئه‌و مۆبایله‌ى كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى پێكرابوو له‌ په‌رله‌مانتاره‌كانى نه‌وه‌ى نوێ دۆزرایه‌وه‌، ئه‌وه‌ش دواى دانپێدانانى یه‌كێك له‌ سكرتێره‌كانى شاسوار عه‌بدولواحید.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، یه‌كێك له‌ سكرتێره‌كانى شاسوار عه‌بدولواحید دانى به‌وه‌داناوه‌ كه‌ مۆبایله‌كه‌ى له‌ماڵى كه‌سێكى نزیكى سه‌رۆكى جوڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێ شاردووه‌ته‌وه‌ له‌ گوندى ئه‌ڵمانى، دواتر هێزه‌ ئه‌منییه‌كان چوونه‌ته‌ ئه‌و شوێنه‌و مۆبایله‌كه‌یان دۆزیوه‌ته‌وه‌.

ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ شوێنى مۆبایله‌كه‌ى ئاشكراكردووه‌، دانى به‌وه‌دا ناوه‌ كه‌ ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌كانى كردووه‌، دواتر مۆبایله‌كه‌ى به‌ كوژاوه‌یى له‌ سه‌قفى ئه‌و ماڵه‌دا جێهێشتووه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كان دواى دانپێدانانى ئه‌و كه‌سه‌، به‌بڕیارى دادوه‌ر هێنراوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ تا شوێنى مۆبایله‌كه‌یان پێ پیشان بدات، پاش گه‌ڕانێكى كه‌م مۆبایله‌كه‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌، تا ئێستا روون نییه‌ مۆبایله‌كه‌ چى تێدایه‌.

دوێنێ دادوه‌ر عومه‌ر ئه‌حمه‌د گوته‌بێژى دادگاى سلێمانى رایگه‌یاند، ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌ نه‌وه‌ى نوێ ده‌ستگیركراون، له‌ گرته‌ ڤیدیۆیى و هه‌ڕه‌شه‌كان تێوه‌گلاون و به‌ فه‌رمانى دادوه‌ر له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیركراون.