کوردستان

03:40 - 04/05/2019

زانیارییه‌كان له‌باره‌ی ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م پێكهێنانی حكومه‌ت‌

پەیسەر

سبەینێ وەفدی پارتی سەردانی سلێمانی دەكات، لەگەڵ بزوتنەوەی گۆران و یەكێتی رێككەوتنی كۆتایی واژۆ دەكات، سەرچاوەیەكی ئاگادار دەڵێت حكومەت لەبەردەم دوو ئاستەنگدایە.

ئەگەرچی بریارە سبەینێ وەفدێكی پارتی بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی سەردانی سلێمانی بكات و لەگەڵ بزوتنەوەی گۆران و یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەجیا كۆبێتەوە و رێككەوتنی كۆتایی دەربارەی پێكهێنانی حكومەت واژۆ بكات، بەڵام بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە كابینەی حكومەت لەبەردەم دوو ئاستەنگدایە.

بەپێی زانیارییەكان، ئاستەنگی یەكەم ئەوەیە كە هەر سێ لایەنی سەرەكی پێكهێنەری حكومەت بەسەر چەند بەرەیەك لەسەر پرسی كاندیدەكان دابەش بوون، پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەر هەردوو باڵی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانیدا دابەش بووە و هەریەكەیان دەیەوێت زۆرترین كاریگەری لەناو كابینەی داهاتووی حكومەت هەبێت، بۆئەمەش هەریەكەیان كەسانی نزیك لەخۆیان بۆ پۆستە وەزاریەكان كاندیدكردووە.

هەروەها یەكێتی بەسەر هەرسێ باڵی ماڵی تاڵەبانی و كۆسرەت رەسوڵ و باڵی بێلایەنەكانی مەكتەبی سیاسی دابەش بووە و هەرسێ باڵەكەش داوای پۆست دەكەن.

سەبارەت بەبزوتنەوەی گۆران سەرچاوەكە دەڵێت ناكۆكی لەسەر رێژەی كاندیدانی ژن لەكابینەی داهاتوو و هەروەها كاندیدانی هەولێر بۆ پۆستە وزاریەكان هەیە، بەجۆرێك بزوتنەوەی گۆران دەیەوێت هەم ژن كاندید بكات و هەمیش كاندیدەكان تەنها لەسنوری سلێمانی نەبن.

سەبارەت بەئاستەنگی دووەمی بەردەم كابینەی نوێ و بە پێی زانیارییەكان، پارتی ڤیتۆی لەسەر كاندیدی یەكێتی هەیە و بزوتنەوەی گۆرانیش پێی باش نیە ئاشتی هەورامی بۆ وەزیری سامانەسروشتیەكان كاندید بكرێتەوە، واتا بەشێوەیەكی گشتی هەر لایەنێك لەو سێ لایەنە ڤیتۆی لەسەر كاندیدی لایەنی بەرامبەر هەیە و رێككەوتنی سبەینێش تایبەتە بەپۆستەكان نەك كاندیدەكان، بۆیە پێدەچێت چارەسەری ئەم پرسەش پێویستی بەكات هەبێت.