02:55 - 04/05/2019
ئەمریكا جارێكی تر هۆشداری دەداتە عێراق و هەرێمی كوردستان
لەچەند رۆژی رابردوودا باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەعێراق حكومەتی فیدراڵی و هەرێم لەكڕینی نەوتی ئێران ئاگادار دەكاتەوە، له وهڵامی ئهو هۆشداریانهشدا حكومهتی فیدڕاڵ رایگهیاندووه پاپهندی بڕیارهكانی ئهمریكا دهبێت و ههرێمی كوردستانیش تا ئێستا بێ وهڵامه.
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە لەچەند رۆژی رابردوودا جارێكی تر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەعێراق پەیوەندی بە حكومەتی فیدراڵی بەغداد و حكومەتی هەرێمەوە كردووە و هۆشداری داوە لەبەردەوامی بازرگانیكردنی نەوت و وزە لەگەڵ ئێران.
سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێ، حكومەتی بەغداد وەڵامی داوەتەوە كە پابەندی سزاكان بوون، بەڵام تائێستا هەرێمی كوردستان وەڵامی ئەو هۆشداریەی ئەمریكای نەداوەتەوە.
بەپێی زانیاریەكان لەئایندەیەكی نزیكدا بەرپرسێكی باڵای كۆشكی سپی لەسەر پابەندبوونی وڵاتانی دراوسێی ئێران بەسزاكانی سەر تاران دێتە رۆژهەڵاتی ناوەراست و یەكەم وێستگەی سەردانەكەشی توركیا دەبێت.
سەبارەت بەكێشەی كارەبای عێراقیش كە پشت بەئێران دەبەستێت سەرچاوەكە دەڵێت عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەمیانی سەردانەكەیدا بۆ ئەڵمانیا كۆتایی مانگی رابردوو سێ گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیای سیمنس دەربارەی كارەبا واژۆكردووە و كە بەهاكەیان 700 ملیۆن دۆلارە، گرێبەستی یەكەم تایبەتە بە دروستكردنی وێستگەیەكی بەرهەم هێنانی كارەبا كە بەغازی سروشتی كار دەكات و توانای بەرهەم هێنانی 500 مێگاوات دەبێت، و گرێبەستی دووەمیش بۆ پەرەپێدانی 40 تۆرباینی بەرهەم هێنانی كارەبایە كە بەغازی سروشتی كاردەكەن، و گرێبەستی سێیەمیش تایبەتە بەبەستن و رێكخستنی دەیان وێستگەی بەهێزكردنی كارەبا و محاویلە لەسەرتاسەری عێراق.
سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، كۆمپانیاكە هەوڵەكانی چركردۆتەوە بۆ ئەوەی تا 14 ملیار دۆلار گرێبەست بۆ بونیادنانی ژێرخانی كارەبای عێراق واژۆ بكات، و ئەگەر ئەم لێكتێگەیشتنە بگاتە ئەنجام ئەوە عێراق پێویستی بەكارەبای ئێران نامێنێت.