کوردستان

07:20 - 02/05/2019

پارتی داواكاریەكی یەكێتی رەتدەكاتەوە‌

پەیسەر

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان داوای هەمواركردنەوەی رێككەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی گۆران دەكات و پارتیش رەتی دەكاتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەفەرمی داوای هەمواركردنەوەی رێككەوتنی پارتی و گۆرانی كردووە بۆئەوەی بگۆڕدرێت بەرێككەوتنێكی سادەی ئاسایی نەك نەخشەرێگای بەرێوەبردنی هەرێم و ستراتیژیەتی كاركردنی كابینەی داهاتوو.

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان پێی وایە و دەبێت كارنامەی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنها لەنێوان یەكێتی و پارتیدا بێت و حكومەت لەسەر ئەو كارنامەیە بڕوات كە ئەو دوو لایەنە دەینوسن.

 زانیارییەكان ئاماژە بەوەدەكەن كە پارتی دیموكراتی كوردستان، دوای لێكۆڵینەوە لەداواكاریەكەی یەكێتی وەڵامی نەرێنی داوەتەوە و رایگەیاندووە ئەوان سورن لەسەر جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە وەك خۆی.

رێككەوتنی پارتی و گۆڕان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ پێش رێككەوتنی پارتی و یەكێتی واژوو كراوە و مەرجی گۆڕانیش بۆ بەشداریكردن لەو كابینەیە جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنە ئەنجامدانی چاكسازییە.

 سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت, یەكێتی لەسەرەتادا داوای هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنەكەی كردبوو، بۆ ئەمەش باڵی نێچیرڤان بارزانی پشتیوانی داواكاریەكەی یەكێتیان دەكرد،  بەڵام مەسعود بارزانی دژی هەمواركردن و هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنەكەیە و بەهۆیەوە تائێستا وەك خۆی ماوەتەوە.

رۆژی 18 شوباتی ئەم ساڵ بزوتنەوەی گۆران و پارتی دیموكراتی كوردستان رێككەوتنێكیان بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت واژۆكرد، یەكێتی و پارتیش رێككەوتنی سێیەم (دوانیان بەهۆی پەشیمانبوونەوەی یەكێتی هەڵوەشایەوە) لە نێوانیاندایە و تا ئێستا واژوو نەكراوە.