05:07 - 02/05/2019
ژمارەیەك لە مەكتەبی سیاسی پارتی داواكارییەك ئاڕاستەی كۆسرەت رەسوڵ دەكەن
لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا چەند بەرپرسێكی پارتی و یەكێتی لە راگەیاندنەكانەوە هێرشیانكردە سەر یەكتری و شەڕی راگەیاندنی بەرپرسانی ئەو دوو حیزبە فراوان دەبێت، لەو بارەشەوە ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان داواكارییەكی بەپەلە رەوانەی كۆسرەت رەسوڵ دەكەن.
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە لەچەند كاتژمێری رابردوودا، ژمارەیەك لەئەندامانی مەكتەبی سیاسی پارتی لەنامەیەكدا بۆ مەسعود بارزانی و كۆسرەت رەسوڵ داوایانكردووە هەرچی زووە فەرمانێك دەربكەن بۆ ئەوەی شەڕی راگەیاندن لەنێوان پارتی و یەكێتی بوەستێنن بۆ ئەوەی كاریگەری نەكاتە سەر هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنی پارتی و یەكێتی و دۆخی هەرێم ئاڵۆز نەكەن.
لەماوەی رابردوودا ئارێز عەبدوڵا و حاكم قادر لەبارەی پێكهێنانی حكومەتەوە پارتیان بەوە تۆمەتباركرد كە بونەتە هۆكاری دواكەوتنی پێنەهێنانی حكومەت، بە هۆیەشەوە لەلایەن عەلی ئەونی و عارف روشدی و خەسرەو گۆران وەڵامیان درایەوە، بەوەش هێرشی میدیایی بەرپرسانی یەكێتی و پارتی چووە قۆناغێكی دیكەوە.
جگە لە لێدوانی ئەو بەرپرسانە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پەیجەكانی نزیك لەو دوو لایەنە هێرشی توندیان كردووەتە سەر یەكتر و ئەوەش نیگەرانی لای هەندێك لە بەرپرسانی باڵای پارتی و یەكێتی دورستكردووە و ترسیان لە تەشەنەسەندنی زیاتر هەیە.
بەپێی زانیارییەكانی بەردەوستی پەیسەرپرێس، ئەو ئەندامانەی مەكتەبی سیاسی پارتی راشیانگەیاندووە, لێدوانی بەشێك لەسەركردەكانی پارتی و یەكێتی و پەرلەمانتاران خزمەت بە لێكتێگەیشتنی هەردوو حزب ناكات و دەبێت سنورێكی بۆ دابنرێت.