کوردستان

06:49 - 01/05/2019

په‌یسه‌ر هۆكاری دواكه‌وتنی كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كێتی و پارتی ئاشكرا ده‌كات‌

پەیسەر

كێشه‌ ناوخۆیه‌كانی پارتی رێگره‌ له‌به‌رده‌م پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت، په‌یسه‌رپرێس خاڵه‌ ناكۆكه‌كان ئاشكرا ده‌كات.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، دواكه‌وتنی كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كێتی و پارتی په‌یوه‌ندی به‌ناكۆكیه‌كانی ناو پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌جۆرێك تا ئێستا رێككه‌وتن له‌نێوان باڵی نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌سه‌ر پۆسته‌كانی وه‌زیری سامانه‌سروشتیه‌كان و وه‌زیری ناوخۆ و به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش نەکراوە.

بڕیاربوو كۆبوونه‌وه‌یه‌كی سێ قۆڵی له‌نێوان نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی به‌سه‌رپه‌رشتی مه‌سعود بارزانی بكرێت، بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ئه‌و پۆستانه‌ به‌ڵام تائێستا ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ نه‌كراوه‌، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ پێشتر لیژنه‌یه‌ك كه‌ له‌لایه‌ن هۆشیار زێباریه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرا له‌لایه‌ن پارتیه‌وه‌ پێكهێندرا بۆ دیاریكردنی كاندیده‌كان و یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی پۆسته‌كان، به‌ڵام لیژنه‌كه‌ نه‌یتوانی ناكۆكییه‌كان یه‌كلایی بكاته‌وه‌ به‌هۆیه‌وه‌ داوایان له‌مه‌سعود بارزانی كرد، خۆی چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه‌ بكات.

به‌پێی زانیاریه‌كانی په‌یسه‌رپرێس، نێچیرڤان بارزانی رایگه‌یاندووه‌ تا ئه‌و پۆستانه‌ یه‌كلایی نه‌بنه‌وه‌ به‌شداری هیچ دانوستانێك ده‌رباره‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت ناكات.

په‌یسه‌رپرێس زانیویه‌تی بڕیاربوو ئه‌مڕۆ وه‌فدێكی پارتی بۆ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ گۆڕان و یه‌كێتی سه‌ردانی سلێمانی بكات، به‌ڵام ئێواره‌ی دوێنێ په‌یوه‌ندیان به‌ یه‌كێتی و گۆڕانه‌وه‌ كردووه‌ و پێیان راگه‌یاندوون، كه‌ سه‌ردانه‌كه‌ بۆ كاتێكی نادیار دواخراوه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی پارتی هۆكاره‌كه‌ی بۆ گۆڕان و یه‌كێتی ئاشكرا بكات.