کوردستان

06:42 - 01/05/2019

په‌ڕله‌مان بۆ تێپه‌ڕاندنى یاساى سه‌رۆكایه‌تى ده‌ست به‌كارده‌كاته‌وه‌‌

پەیسەر

په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ستده‌كاته‌وه‌ به‌ كاره‌كانى خۆى بۆ تێپه‌ڕاندنى هه‌موارى یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم و بڕیاره‌ هه‌فته‌ى داهاتوو یاساكه‌ په‌سه‌ند بكات و فراكسیۆنى یه‌كێتیش به‌شدار بووه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، هه‌فته‌ی داهاتوو په‌رله‌مانی كوردستان ده‌نگ له‌سه‌ر هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ده‌دات و چاوه‌ڕێی رێككه‌وتنی یه‌كێتی و پارتی ناكات.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت، به‌پێی رێككه‌وتنی یه‌كێتی و پارتی و پارتی و گۆڕان، هه‌مواره‌كه‌ په‌سه‌ند ده‌كرێت و با دواتر یه‌كێتی و پارتی رێككه‌وتنه‌كه‌یان واژۆ بكه‌ن، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ هه‌مواره‌كه‌ دژی خواستی گۆڕان و پارتی و یه‌كێتی نه‌بیت.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌شڵێت، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو یه‌كێتی و پارتی رێككه‌وتنی نێوانیان واژۆ بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر واژۆش نه‌كرا، ئه‌وه‌ هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی له‌ په‌رله‌مان تێده‌په‌ڕێنن و هه‌موو لایه‌نه‌كانیش پشتیوانی ئه‌و هه‌نگاوه‌ ده‌كه‌ن.

هه‌موارى یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ قۆناغى كۆتاییدایه‌، ته‌نها خوێندنه‌وه‌ى سێیه‌مى ماوه‌و بڕیاره‌ له‌ دانیشتنى داهاتووى په‌رله‌مان ده‌نگى له‌سه‌ر بدرێت.