کوردستان

04:27 - 01/05/2019

كونسوڵى وڵاتان بۆ كۆبوونه‌وه‌ وه‌ڵامى شاسوار عه‌بدولواحیدیان نه‌داوه‌ته‌وه‌‌

پەیسەر

شاسوار عه‌بدولواحید له‌دواى بڵاوبوونه‌وه‌ى ده‌نگۆى گرته‌ ڤیدۆییه‌كان و به‌كارهێنانى بۆ فشارو هه‌ڕه‌شه‌ له‌نێو جوڵانه‌وه‌كه‌ى، چه‌ند جارێك هه‌وڵى داوه‌ له‌گه‌ڵ نێرده‌ و كونسوڵى وڵاتان له‌ هه‌رێمى كوردستان كۆبوونه‌وه‌ بكات به‌ڵام وه‌ڵامى نه‌دراوه‌ته‌وه‌.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌ى ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، سه‌رۆكى نه‌وه‌ى نوێ چه‌ند جارێك په‌یوه‌ندیكردووه‌و هه‌وڵیداوه‌ دیدار بكات له‌گه‌ڵ كونسوڵى وڵاتان، به‌ڵام كونسوڵ و نێرده‌ى وڵاتان وه‌ڵامیان نه‌داوه‌ته‌وه‌، مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى نه‌وه‌ى نوێ و جوڵانه‌وه‌كه‌ى راگرتووه‌ و نایانه‌وێت دیدارى له‌گه‌ڵ ئه‌نجام بده‌ن.

سه‌رچاوه‌كه‌ گوتیشى، پێده‌چێت نێرده‌ى وڵاتان چاوه‌ڕێى یه‌كلابوونه‌وه‌ى دۆسیه‌كه‌ بكه‌ن له‌دادگا، نایانه‌وێت له‌ ئێستادا كه‌ ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ له‌سه‌ر سه‌رۆكى نه‌وه‌ى نوێ هه‌یه‌ و تۆمه‌تبار كراوه‌ به‌ هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ په‌رله‌مانتاره‌كانى خۆى له‌گه‌ڵى كۆببنه‌وه‌و دابنیشن، تا ئه‌نجامى دۆسیه‌كه‌یان بۆ روونده‌بێته‌وه‌.

شادى نه‌وزاد په‌رله‌مانتارى نه‌وه‌ى نوێ رایگه‌یاند، له‌لایه‌ن سه‌رۆكى جوڵانه‌وه‌كه‌و كه‌سانى ده‌وروبه‌ریه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌وه‌ى لێكراوه‌ كه‌ گرته‌ى سێكسى بڵاوده‌كرێته‌وه‌ و سكاڵاى له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ تۆماركردووه‌، له‌ ئێستادا هه‌ردوو سكرتێره‌كه‌ى شاسوار عه‌بدولواحید ده‌ستگیركراون و به‌پێى زانیارییه‌كان به‌ڵگه‌ ده‌ستكه‌وتوون له‌سه‌ر سه‌رچاوه‌ى ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ى كه‌ كراون و له‌سه‌ر ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆییانه‌ش كه‌ باس كران.