کوردستان

03:01 - 30/04/2019

پێنج به‌رپرسى یه‌كێتى داواى پۆستى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم ده‌كه‌ن‌

پەیسەر

كوڕی جێگرى سكرتێری گشتی یه‌كێتی و چوار سه‌ركرده‌ی ئه‌و حزبه‌، كێبركێ له‌سه‌ر پۆستی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كه‌ن كه‌ دراوه‌ به‌ یه‌كێتى.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، هه‌ریه‌ك له‌ عومه‌ر فه‌تاح، عیماد ئه‌حمه‌د، حاكم قادر، شۆڕش ئیسماعیل، ده‌رباز كۆسره‌ت، ره‌سوڵ به‌فه‌رمی داوایان له‌مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی كردووه‌ كاندیدبكرێن، بۆ جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت، كاندیدبوونی عومه‌ر فه‌تاح و شۆرش ئیسماعیل هه‌نگاوێكی نوێیه‌، به‌وپێیه‌ی پێشتر داوای هیچ پۆستێكیان نه‌كردبوو، بۆیه‌ پێده‌چێت پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی رێككه‌وتنی باڵی كۆسره‌ت ره‌سوڵ و ماڵی تاڵه‌بانی بێت له‌سه‌ر دابه‌شكردنی پۆسته‌كان.

یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان تا ئێستا كاندیده‌كانى بۆ پۆسته‌كان یه‌كلایى نه‌كردووه‌ته‌وه‌و پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستانیش كه‌ پشكى ئه‌و حزبه‌یه‌ له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت، تا یه‌كێتى كه‌سێك دیاریده‌كات.