کوردستان

07:51 - 29/04/2019

داواكاری گشتی بەڵگەنامە لەسەر شاسوار عەبدولواحید كۆدەكاتەوە‌

پەیسەر

داواكاری گشتی سلێمانی سەرقاڵی كۆكردنەوەی بەڵگەیە لەسەر شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌، ئەوەش دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو په‌رله‌مانتارێكی جوڵانه‌وه‌كه‌ی سكاڵای لەسەر تۆماركرد.

به‌پێی ئه‌و زانیاریه‌ی له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ته‌وه‌ به‌ په‌یسه‌رپرێس دراوه‌، ئه‌و تۆمه‌تباره‌ی له‌لایه‌ن دادگاوه‌  ده‌ستگیركراوه‌، چه‌ند دانپێدانانێكی له‌سه‌ر دۆسییه‌كان هه‌یه‌و له‌ ئێستاشدا دادگا به‌دوای كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌ڵگانه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیانه‌.

دەستگیركردنی ( ر. ش) سكرتێری تایبه‌تی شاسوار عه‌بدولواحید دوای ئه‌وه‌ هات كه‌ داواكاری گشتی سلێمانی لەسەر رووداوی هەڕەشەكردن لەپەرلەمانتار شادی نەوزاد پەرلەمانتاری نەوەی نوێ‌، سكاڵای له‌ دژی گومانلێكراوانی ئه‌و كه‌یسه‌ تۆمار كرد. 

بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگاداری دادگای سلێمانی بۆ پەیسەرپرێس، داواكاری گشتی سلێمانی لەئێستادا سەرقاڵی كۆكردنەوەی بەڵگەیە لەسەر شاسوار عەبدولواحید و ئه‌و كه‌سانه‌ی گومانی ئه‌وه‌یان لێده‌كرێت له‌پشت تاوانه‌كانه‌وه‌ بن.

هەر بەپێی زانیارییەكان، داواكاری گشتی سلێمانی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارەو چەند پەرلەمانتارێكی نەوەی نوێ‌ قسەی كردووەو داوای بەڵگەی لێكردوون، ئەمە جگە لەوەی لەرێگەی ئەو كەسەی دەستگیركراوە، چەند بەڵگەیەكی دەستخستووە.

هەفتەی رابردوو دوای ئەوەی داواكاری گشتی، سكاڵای تۆماركرد، راستەوخۆ هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی كەسێكیان دەستگیركرد، كە سكرتێری كەسی شاسوار عەبدولواحید بووەو ئێستا لەژێر لێكۆڵینەوە.