کوردستان

04:19 - 28/04/2019

هۆكاری ئه‌نجامنه‌دانی كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی‌

پەیسەر

ئه‌گه‌رچی بڕیاربوو دوێنێ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له‌شاری سلێمانی كۆببێته‌وه‌، به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌كه‌ نه‌كرا، په‌یسه‌رپرێس هۆكاره‌كه‌ی ئاشكرا ده‌كات.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، كۆبوونه‌وه‌كه‌ی یه‌كێتی بۆ دوو ته‌وه‌ر بووه‌، ته‌وه‌ری یه‌كه‌م پرسی زیادكردنی جێگرێك بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم و كۆبوونه‌وه‌ی سێ قۆڵی گۆران و یه‌كێتی و پارتی و ده‌رباره‌ ی پێكهێنانی حكومه‌ت.

ته‌وه‌ری دووه‌میش بۆ قسه‌كردن بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌و لیژنه‌ چواركه‌سییه‌ى كه‌ له‌ به‌رهه‌م ساڵح، بافڵ تاڵه‌بانی، لاهور شێخ جه‌نگی و شاڵاو كۆسره‌ت ره‌سوڵ پێكهاتووه‌، بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ناوی كاندیده‌كان و میكانزمی دیاریكردنیان و پێوه‌ره‌كان.

سه‌باره‌ت به‌هۆكاری دواكه‌وتنی كۆبوونه‌وه‌كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت، ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی كه‌ به‌باڵی بێلایه‌نه‌كان ناسراون و پشتیوانی هیچ كام له‌ماڵی تاڵه‌بانی و كۆسره‌ت ره‌سوڵیان نه‌كردووه‌، نیگه‌رانن له‌وه‌ی پێیان وایه‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح بۆ ناو یه‌كێتی پشتگوێ خراون.

هه‌روه‌ها راشیانگه‌یاندووه‌ ناكرێت ئه‌و لیژنه‌یه‌ی بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی كاندیده‌كانی یه‌كێتی پێكهێندراوه‌ له‌نێوان باڵی ماڵی تاڵه‌بانی و كۆسره‌ت ره‌سوڵ و به‌رهه‌م ساڵح قۆرخ بكرێت و داوایانكردووه‌ له‌باڵی مه‌كته‌بی سیاسیش نوێنه‌رێك بۆ ئه‌و لیژنه‌یه‌ زیاد بكرێت، سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت ماڵی تاڵه‌بانی و باڵی كۆسره‌ت ره‌سوڵ تائێستا وه‌ڵامی ئه‌و داواكاریه‌یان نه‌داوه‌ته‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ بۆ كاتێكی نادیار دواخراوه‌.