کوردستان

04:06 - 28/04/2019

په‌یسه‌ر ئامانجی سه‌ردانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا بۆ هه‌رێم ئاشكرا ده‌كات‌

پەیسەر

فشاره‌كانی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر ئێران وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا ده‌هێنێته‌ عێراق، په‌یسه‌رپرێس ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا بۆ عێراق ئاشكرا ده‌كات.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا ئاماده‌نه‌بوو، ماوه‌ی كڕینی نه‌وت و غازی سروشتی ئێران بۆ توركیا درێژ بكاته‌وه‌، مه‌ولود چاوش ئۆغلۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا هاته‌عێراق، و ده‌یه‌وێت هه‌رێمی كوردستان و عێراق رازی بكات بۆ ئه‌وه‌ی پێداویستیه‌كانی نه‌وت و غازی توركیا دابین بكات.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت، توركیا پێی باشه‌ هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم به‌ره‌زامه‌ندی حكومه‌تی هه‌رێم و به‌غداد بێت، هه‌روه‌ها ره‌شنوسی رێككه‌وتنێكی هێناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی عێراق رازی بێت تا ئه‌و كاته‌ی گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌ له‌هه‌رێم بن سوپای توركیاش له‌عێراق بێت و هه‌ر پرۆژه‌یه‌كیش له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بۆ ده‌ركردنی هێزه‌ بیانیه‌كان سوپای توركیای لێ به‌ده‌ر بكرێت.

ته‌وه‌ری سێیه‌می سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا بۆ هه‌رێم په‌یوه‌ندی به‌پرسی پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌نقه‌ره‌ ده‌یه‌وێت له‌لایه‌ك توركمانه‌كان رۆڵی زیاتریان هه‌بێت و له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ پارتی ناوی كاندیدی وه‌زاره‌ته‌كان راده‌ستی توركیا بكات.

ئه‌مریكا فشاره‌كانى ده‌ستپێكردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان و عێراق و توركیاش مامه‌ڵه‌ى بازرگانییان له‌گه‌ڵ ئێران كۆتایى پێى بهێنن و به‌دواى جێگره‌وه‌ى دیكه‌دا بگه‌ڕێن، توركیاش ده‌یه‌وێت عێراق ببێته‌ جێگره‌وه‌ى ئێران بۆى.