کوردستان

01:42 - 03/12/2018

سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌ئاشتى هه‌ورامى وه‌رده‌گيرێته‌وه‌‌

پەیسەر

پارتى دیموكراتی كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تیدا كه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ به‌ڕێوه‌چوو، بڕیاریداوه‌ ئاشتى هه‌ورامى له‌ كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێم دوربخاته‌وه‌و بۆ جێگره‌وه‌شی دوو ناوی دیار قسه‌یان له‌باره‌وه‌ ده‌كرێت.

سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى سه‌ركردایه‌تى پارتى به‌ په‌یسه‌رپرێسی راگه‌یاند، بڕیارى ئه‌وه‌ دراوه‌ كه‌ چیدى وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان به‌ ئاشتى هه‌ورامى نه‌درێته‌وه‌.

به‌گوته‌ى سه‌رچاوه‌كه‌، هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئومێد سه‌باح راوێژكارى دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم و نه‌جمه‌دین كه‌ریم كاندیدن بۆ وه‌رگرتنى پۆستى وه‌زیرى سامانه‌ سروشتییه‌كان، به‌ڵام ئه‌گه‌رێكى لاوازه‌ كاندیدى دووه‌م پۆسته‌كه‌ى پێبدرێت.

ئه‌و بڕیاره‌ى پارتى دواى ئه‌وه‌هات ئه‌مڕۆ كاندیدی پۆستی سه‌رۆكوه‌زیرانی دیاریكرد كه‌ مه‌سرور بارزانى ده‌بێت و نێچیرڤان بارزانیشی بۆ پۆستی سه‌رۆكى هەرێم دیاریكرد.
به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر مه‌سعود بارزانى پێى وایه‌ نابێت هه‌ڵه‌كانى رابردووى كه‌رتى نه‌وت دووباره‌ بكرێنه‌وه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان و ئاشتى هه‌ورامى له‌ ئه‌ركه‌كه‌یدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌ هه‌ر بۆیه‌ش بڕیارى دورخستنه‌وه‌ى دراوه‌ له‌ كابینه‌ى نوێ.
 
پێشتر په‌یسه‌ر ئه‌وه‌ی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ مه‌سعود بارزانى و نێچیرڤان بارزانى له‌سه‌ر دۆسیه‌ى نه‌وت بۆچوونیان جیاوازه‌و سه‌رۆكى پارتى ده‌یه‌وێت رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا بكرێت و دۆسیه‌ى نه‌وت راده‌ستى به‌غدا بكاته‌وه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر و ناوه‌ند رێكبخرێنه‌وه‌، به‌ڵام نێچیرڤان بارزانى دژى ئه‌وه‌یه‌.