کوردستان

03:40 - 28/04/2019

هه‌وڵێك بۆ ئاشتكردنه‌وه‌ى مه‌لا به‌ختیار شكستده‌هێنێت‌

پەیسەر

به‌هۆی زاوایه‌كه‌یه‌وه‌ هه‌وڵی گه‌ڕانه‌وه‌ی مه‌لا به‌ختیار بۆ ناو یه‌كێتی شكست ده‌هێنێت و تاڵه‌بانی پێی ده‌ڵێت با له‌ماڵه‌وه‌ سیاسه‌ت بكات.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌ له‌ماوه‌ی رابردوودا چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كێتی هه‌وڵی گه‌ڕانه‌وه‌ی مه‌لا به‌ختیاریان داوه‌ و هه‌وڵه‌كه‌ش له‌وه‌ نزیك بوو كه‌ ئه‌نجامی هه‌بێت، به‌ڵام مه‌لا به‌ختیار چه‌ند مه‌رجێكی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ هه‌بووه‌ له‌وانه‌ش بڕیاری یه‌كێتی له‌ناو مه‌كته‌بی سیاسی ده‌ربچێت و داهات و خه‌رجیه‌كان شه‌فاف بن و كاتی به‌ستنی كۆنگره‌ش دیاری بكرێت.

له‌ به‌رامبه‌ردا بافڵ تاڵه‌بانی كوڕه‌گه‌وره‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری كۆچكردووی یه‌كێتی و زاوای مه‌لا به‌ختیار، مه‌رجه‌كانی ره‌تكردووه‌ته‌وه‌ و پێی راگه‌یاندووه‌ با له‌ماڵه‌وه‌ سیاسه‌ت بكات.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت مه‌لا به‌ختیار رایگه‌یاندووه‌، پرۆژه‌ی ده‌بێت بۆ كۆنگره‌ و ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌كه‌ی له‌كۆنگره‌ ره‌تبكرێته‌وه‌ به‌یه‌كجاری ده‌ستبه‌رداری سیاسه‌ت ده‌بێت.

مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێری مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی به‌هۆی كاندیدكردنی به‌رهه‌م ساڵح بۆ سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌مانگی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی رابردوو له‌یه‌كێتی دووركه‌وته‌وه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی داوای كرد بۆ سه‌رۆك كۆمار كاندیدبكرێت به‌ڵام پشتیوانانی به‌رهه‌م ساڵح زیاتربوون.