کوردستان

10:24 - 28/04/2019

پارتى و عه‌بادى به‌نیازن دژى یه‌ك سكاڵا بجوڵێنن‌

پەیسەر

حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشووى عێراق، ده‌یه‌وێت كێشه‌ى راده‌ستنه‌كردنى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان به‌رێته‌ دادگاى فیدراڵى و پارتیش له‌ به‌رامبه‌ردا نیازى هه‌یه‌ سكاڵا تۆمار بكات.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی ده‌ستی به‌جموجوڵ كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی فشار له‌سه‌ر عادل عه‌بدولمه‌هدی دروست بكات تا چیتر به‌بێ راده‌ستكردنی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی هه‌رێم، پاره‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم نه‌نێرێت.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت، عه‌بادی هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كردووه‌ كه‌ به‌دوو ئاڕاسته‌ كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات، له‌لایه‌ك ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ دادگای فیدراڵی وه‌ك شوێنی یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ئه‌و كێشه‌یه‌ به‌كارده‌هێنێت.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، له‌ به‌رامبه‌ردا پارتیش كه‌ به‌رپرسیاری راده‌ستنه‌كردنی نه‌وته‌ به‌هه‌مان شێوه‌ ده‌یه‌وێت، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه‌ی عه‌بادی په‌نا بۆ دادگا به‌رێت.

هه‌رچه‌ند دانوستانه‌ نا فه‌رمییه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا به‌ره‌و پێشچوون و هه‌نگاو به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌نرێت كه‌ پرسى راده‌ستكردنى نه‌وت چاره‌سه‌ربكرێت، به‌ڵام حه‌یده‌ر عه‌بادى له‌دواى ده‌ستبه‌ركابوونى عادل عه‌بدولمه‌هدییه‌وه‌ فشارى ده‌ستپێكردووه‌ تا چیتر مووچه‌ى هه‌رێمى كوردستان به‌وشێوه‌یه‌ ره‌وانه‌ نه‌كرێت، دوێنێ په‌یسه‌ر پرێس بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ڵێنى به‌ وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق داوه‌ له‌ ده‌ستپێكى كابینه‌ى نوێوه‌ رۆژانه‌ نه‌وت راده‌ستى به‌غدا بكات.