کوردستان

01:31 - 27/04/2019

شاسوار عه‌بدولواحید نه‌چووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات‌

پەیسەر

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى له‌ سێ سه‌رچاوه‌ى نزیكى شاسوار عه‌بدولواحیده‌وه‌ ده‌ستی پەیسەر كه‌وتووه‌، سه‌رۆكى جوڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێ له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات نه‌بووه‌و چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ى ئێن ئار تى كه‌ ئێواره‌ى پێنجشه‌ممه‌ ئه‌نجامیدا له‌ به‌غداوه‌ بووه‌ نه‌ك له‌نده‌ن.

له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ى ئێواره‌ى رۆژى پێنجشه‌ممه‌ى ئێن ئار تى، شاسوار عه‌بدولواحید گوتى، ئه‌و به‌هۆى نه‌خۆشییه‌وه‌ ماوه‌ى مانگێكه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵاته‌ به‌هۆى وه‌رگرتنى چاره‌سه‌ره‌وه‌ له‌ له‌نده‌نه‌وه‌ نه‌یتوانیوه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كوردستان، له‌ سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فیزیۆنه‌كه‌ش نوسرابوو كه‌ راسته‌وخۆ له‌ له‌نده‌نه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌و خۆشى گوتى له‌وێیه‌ و نه‌خۆشه‌.

په‌یسه‌ر له‌ به‌دواداچوونێكیدا له‌ سێ سه‌رچاوه‌ى ئاگاداره‌وه‌ ئه‌وه‌ى پشت راست كرده‌وه‌، كه‌ شاسوار عه‌بدولواحید تكتى چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵاتى بڕیوه‌، به‌ڵام سه‌فه‌رى نه‌كردووه‌و چووه‌ته‌ به‌غداد و ئه‌و چه‌ند رۆژه‌ى لاى سروه‌ عه‌بدولواحید بووه‌، چاوپێكه‌وتنه‌كه‌شى كه‌ له‌سه‌ر شاشه‌كه‌ نوسرابوو له‌نده‌ن، شارى به‌غدا بووه‌ نه‌ك له‌نده‌ن، به‌ڵام سه‌رۆكى جوڵانه‌وه‌كه‌ گوتى له‌ له‌نده‌نه‌و به‌هۆى نه‌خۆشییه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ته‌وه‌ پشكنینى پزیشكى هه‌بووه‌و قورگى كێشه‌ى ته‌ندروستى هه‌یه‌.  

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس پێشتر له‌ به‌غداوه‌ سه‌ردانێكى كردووه‌ بۆ شارى نه‌جه‌ف له‌و سه‌ردانه‌ى پاسه‌وانه‌كانى عه‌مار حه‌كیم سه‌رۆكى ره‌وتى حیكمه‌ بردویانه‌و به‌ ئۆتۆمبێلى ئه‌وان چووه‌، سه‌رۆكى جوڵانه‌وه‌ى نه‌وى نوێ له‌رێگه‌ى عه‌مار حه‌كیمه‌وه‌ هه‌وڵى وه‌رگرتنى ته‌نده‌رێكى گه‌وره‌ى بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى موسڵ داوه‌، نزار عه‌بدولواحیدى براى كه‌ كۆمپانیاى ئه‌منى هه‌یه‌ و له‌ به‌غدا سه‌رپه‌رشتى كاره‌ بازرگانییه‌كانى كۆمپانیاى نالیا ده‌كات له‌به‌غدا له‌ زۆربه‌ى كۆبوونه‌وه‌كانى سه‌رۆكى نه‌وه‌ى نوێ ئاماده‌كارى ده‌كات و پێكه‌وه‌ هه‌وڵى زۆریان داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كۆمپانیاكه‌یان به‌شێكى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى موسڵ له‌ ئه‌ستۆ بگرێت.

شاسوار عه‌بدولواحید ئێستا سكاڵاى له‌سه‌ره‌ له‌ دادگاى سلێمانى به‌ تۆمه‌تى هه‌ڕه‌شه‌ى بڵاوكردنه‌وه‌ى گرته‌ى سێكسى په‌رله‌مانتاره‌كانى، به‌ڵام تا ئێستا ده‌نگۆى ئاماده‌بوونى له‌به‌رده‌م دادگا یاخود ده‌ستگیركردنى بوونى نییه‌، هه‌رچه‌ند مادده‌ یاساییه‌كه‌ كه‌پێى تۆمه‌تبار كراوه‌ قورسه‌و راسته‌وخۆ ده‌بێت له‌به‌رده‌م دادگا ئاماده‌بێت به‌پێچه‌وانه‌وه‌ فه‌رمانى ده‌ستگیركردنى بۆ ده‌رده‌كرێت.

له‌دوای بڵاوبوونه‌وه‌ى ده‌نگۆكانه‌وه‌ شاسوار عه‌بدولواحید به‌ ته‌له‌فۆن گله‌یى له‌چه‌ند به‌رپرسێكى یه‌كێتى كردبوو داواى دڵنیایى كردبوو كه‌ ده‌ستگیرنه‌كرێت، له‌ ئێستادا ده‌نگۆى گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ سلێمانى هه‌یه‌ و ده‌گوترێت له‌ سلێمانییه‌، هاتوچۆكانیشى له‌رێگه‌ى ئۆتۆمبێله‌وه‌ كردووه‌، دیار نییه‌ ئایا یه‌كێتى راده‌ستى دادگاى ده‌كات یاخود گره‌نتى ده‌ستگیرنه‌كردنى وه‌رگرتووه‌.