کوردستان

11:38 - 27/04/2019

شیعه‌ و سوننه‌ له‌سه‌ر پۆستى وه‌زاره‌ته‌ به‌تاڵه‌كانى حكومه‌ت رێككه‌وتن‌

پەیسەر

شیعه‌كان له‌سه‌ر كاندیدی وه‌زیری ناوخۆ و سوننه‌كانیش له‌سه‌ر كاندیدی وه‌زیری به‌رگری رێككه‌وتن، تائێستا هیچ كاندیدێكی كورد بۆ وه‌زاره‌تی داد یه‌كلایی نه‌بووه‌ته‌وه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، دوای ماوه‌یه‌ك له‌دانوستانی لایه‌نه‌ شیعییه‌كان سه‌رئه‌نجام له‌سه‌ر كاندیدكردنی عه‌بدولغه‌نی ئه‌سه‌دی بۆ وه‌زیری ناوخۆی عێراق رێككه‌وتوون، به‌وه‌ش فالح فه‌یاز كاندیدی پێشوو بۆ وه‌زیری ناوخۆ گۆڕدرا.

سه‌باره‌ت به‌ وه‌زیری به‌رگریش سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت، سوننه‌كان له‌سه‌ر كاندیدكردنی سه‌لیم جبوری سه‌رۆكی پێشووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران رێككه‌وتوون و له‌ئێستادا چاوه‌رێی كورد ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كاندیدی وه‌زیری داد یه‌كلایی بكاته‌وه‌.

پێشتریش رێككه‌وتنێكى نێوان یه‌كێتى و پارتى هه‌بوو بۆ كاندیدكردنى كه‌سێك بۆ وه‌زیرى داد، به‌ڵام تا ئێستا له‌سه‌ر كاندیدێك رێكنه‌كه‌وتوون.