کوردستان

10:04 - 27/04/2019

ده‌ستپێكى ته‌قینه‌وه‌ى كێشه‌كانى نه‌وه‌ى نوێ له‌ به‌غدا‌

پەیسەر

كێشه‌ی باڵی ناڕازی نه‌وه‌ی نوێ له‌به‌غدا، سه‌ره‌تا له‌گه‌ڵ براى سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌كه‌ بووه‌ كه‌ ده‌ستوه‌ردانی له‌كاروباره‌كانیان كردووه‌ دواتریش لەگەڵ سروە عەبدولواحید کێشەکان قوڵ بوونەتەوە.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ناڕه‌زایه‌تی ناو نه‌وه‌ی نوێ له‌گه‌ڵ نزار عه‌بدولواحید برای شاسوار عه‌بدولواحد سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌كه‌ بووه‌ كه‌ سه‌رپه‌رشتى كاره‌ بازرگانییه‌كانى براكه‌ى ده‌كات له‌ به‌غدا.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت، نزار له‌به‌غداد سه‌رقاڵی بازرگانیه‌ و چه‌ندین جار ده‌ستوه‌ردانی له‌كاروباری فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كردووه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ رابون مه‌عروف و سه‌ركه‌وت شه‌مسه‌دین، داوایان له‌شاسوار عه‌بدولواحید كردووه‌ سنورێك بۆ براكه‌ی دابنێت، به‌ڵام نه‌ك هه‌ر گوێی بۆ نه‌گرتوون به‌ڵكو سروه‌ عه‌بدولواحیدی خوشكیشی ره‌وانه‌ی به‌غداد كردووه‌، ئه‌وه‌ش به‌ته‌واوه‌تی فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران نیگه‌ران كردووه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، نزار هه‌وڵی ده‌دا فراكسیۆنى نه‌وه‌ی نوێ له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بۆ پشتیوانى كاره‌ بازرگانییه‌كانى و وه‌رگرتنى ته‌نده‌ر به‌كاربهێنێت، بۆیه‌ش ئه‌ندامانى فراكسیۆنه‌كه‌ ئه‌وه‌یان قبوڵ نه‌كردووه‌.

له‌ئێستادا كێشه‌كانى نه‌وه‌ى نوێ چوونه‌ته‌ قۆناغێكى ئاڵۆزه‌و هه‌ریه‌ك له‌و دووباڵه‌، ناڕازییه‌كان و باڵى شاسوار عه‌بدولواحیدیش خۆیان به‌ خاوه‌نى حزبه‌كه‌ ده‌زانن، سه‌رۆكى جوڵانه‌وه‌كه‌ش له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵاته‌و له‌ دادگاى سلێمانى به‌ تۆمه‌تى هه‌ڕه‌شه‌ى بڵاوكردنه‌وه‌ى گرته‌ى سێكسى په‌رله‌مانتاره‌كان سكاڵاى له‌سه‌ر تۆماركراوه‌.