کوردستان

07:03 - 25/04/2019

دوایین بڕیاری پارتی لەبارەی سەردانكردنی كۆمەڵ و یەكگرتوو‌

پەیسەر

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، تاوتوێی پێكهێنانی كابینەی نوێ و خێراكردنی هەنگاوەكان لەوبارەوە كرا، لەو كۆبوونەوەدا پارتی بڕیاریدا كە سەردانی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان و یەكگرتوی ئیسلامی لەبارەی پرسی پێكهێانی حكومەتەوە نەكات.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە،  پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاریداوە سەردانی هیچ لایەنێكی سیاسی تر نەكات و حكومەت لەنێوان گۆران و پارتی و یەكێتی پێكبهێندرێت.

ئەمەش لەكاتێكدایە هێشتا كۆمەڵی ئیسلامی بە شێوەی فەرمی ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی رانەگەیاندووە و لە چاوەڕانی سەردانی پارتیدا بوو بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرسی پێكهێنانی حكومەت و بەشداریكردن یان نەكردنی لە كابینەی نوێ.

هەر بەپێی زانیارییەكان لەگەڵ ئەوەی پێشتر وەفدی سەردانی یەكگرتووی ئیسلامی كردبوو لەسەر ئەم پرسە، بەڵام ئەو حیزبە ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی راگەیاندبوو ئامادە نەبووە بەشداری بكات، بەڵام پارتی ئەوەی نەشاردبوەوە هەوڵی ئەوە ئەدەن جارێكی سەردانی یەكگرتوو بكەن و تاوتوێی بەشداریكردنی كابینەی نوێ لەگەڵ یەكگرتوو باس بكەنەوە، بەڵام ئەمڕ بڕیاری كۆتایی لەو بارەوە دراو ئەو دەرگایەیان داخست.

پارتی دیموكراتی كوردستان بە نیازە، هەفتەی داهاتوو پرسی پێكهێنانی كابینەی حكومەت و كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم بەتەواوەتی یەكلایی دەكرێتەوە و هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی حكومەت دەست پێدەكات.

پێدەچێت لەو بارەوە وفدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی سلێمانی بكات و تاوتوێی خێراكردنی هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەت لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتیمانی تاوتوێ بكات.