کوردستان

12:36 - 03/12/2018

عادل عه‌بدولمه‌هدی په‌یامێك ئاڕاسته‌ی یه‌كێتی ده‌كات‌

پەیسەر

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ته‌وه‌ ده‌ست په‌یسه‌رپرێس كه‌وتوه‌، عادل عه‌بدولمه‌هدی نیگه‌رانه‌ له‌ هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عێراق.
عادل عه‌بدولمه‌هدی په‌یامێك ئاراسته‌ی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ده‌كات و له‌ په‌یامه‌كه‌یدا نیگه‌رانییه‌كانی له‌سه‌ر به‌رهه‌م ساڵح  ده‌گه‌یه‌نێته‌ ئه‌و حیزبه‌.

نیگه‌رانییه‌كانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، له‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ كه‌ ساڵح نه‌یتوانیوه‌، وه‌ك سه‌رۆكی عێراق مامه‌ڵه‌ بكات و له‌به‌رژه‌وه‌ندی حیزبه‌كه‌ی له‌سه‌ر هه‌ندێك له‌ هاوكێشه‌ی سیاسی كاریكردووه‌.

عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌ په‌یامه‌كه‌یدا، ئه‌وه‌ی به‌ به‌رپرسانی یه‌كێتی راگه‌یاندووه‌، كه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌و جۆره‌ هه‌ڵسوكه‌وتانه‌ی له‌ به‌رهه‌م ساڵح نه‌كردووه،‌ به‌ تایبه‌ت له‌ پرسی پێشوازینه‌كردن له‌ بارزانی.

عه‌بدولمه‌هدی له‌سه‌ر چوونی مه‌سعود بارزانی بۆ به‌غدا، داوای له‌ به‌رهه‌م ساڵح كردبوو، وه‌ك سه‌رۆك كۆمار پێشوازی له‌ بارزانی بكات، به‌ڵام به‌رهه‌م ساڵح داواكه‌ی ره‌تكربوه‌وه‌.

له‌ پرسی دانانی كاندیدێك بۆ وه‌زیری داد كه‌ ئێستا سێ لایه‌نه‌ له‌سه‌ری رێكنه‌كه‌وتن و داوای ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌وانیش پارتی و یه‌كێتی و گۆڕانن، به‌رهه‌م ساڵح بێ لایه‌نی هه‌ڵنه‌بژاردووه‌ ده‌ستی وه‌رداوه‌ته‌ ناو كاره‌كانی حكومه‌ت و ده‌یه‌وێت كاندیده‌كه‌ی یه‌كێتی بۆ ئه‌و پۆسته‌ وزارییه‌ كاندید بكرێت، به‌هۆی ئه‌وه‌شه‌وه‌ نیگه‌رانییه‌كانی عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌باره‌ی به‌رهه‌م ساڵحه‌وه‌ زیادیكردووه‌ و په‌یامه‌كه‌ی گه‌یاندوه‌ته‌وه‌ به‌رپرسانی یه‌كێتی.

پێشتر په‌یسه‌رپرێس بڵاویكرده‌وه‌، كه‌ سه‌رۆك كۆماری عێراق داوای كردووه‌ له‌ سه‌رۆك وه‌زیران نابێت، كاندیدی گۆڕان بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته‌ وه‌زارییه‌ دابنێ و هۆشداری ئه‌وه‌شی پێداوه‌ گه‌ر داواكه‌ی جێبه‌جێنه‌كرێت، ناتوانێ له‌ پۆستی سه‌رۆك كۆماری به‌رده‌وام بێت و كێشه‌ی بۆ دێته‌ پێشه‌وه‌ له‌ناو حیزبه‌كه‌ی.