کوردستان

01:59 - 25/04/2019

زانیارییەكان لەبارەی كۆبوونەوەی سێ‌ قۆڵی و پێكهێنانی حكومەت‌

پەیسەر

دوای ئەوەی هەرسێ‌ لایەنی ( گۆڕان و یەكێتی و پارتی) بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ لە رێككەوتن نزیكبوونەتەوە، بڕیار وایە هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەی سێ‌ قۆڵی  و كۆتایی بۆ پێكهێنانی حكومەت ئەنجام بدرێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە, هەریەك لەبزوتنەوەی گۆران و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستانیان ئاگاداركردۆتەوە كە كێشەیان لەگەڵ كۆبونەوەی سێ قۆڵی نیە بۆ رێككەوتنی كۆتایی دەربارەی كابینەی حكومەت.

بە پێی زانیارییەكان بڕیار وایە هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەی سێ‌ قۆڵی لە نێوان ئەم سێ‌ لایەنەدا بكرێت و لەو كۆبوونەوەشدا بڕیاری كۆتایی لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێ بدرێت.

رۆژی 30ی ئەیلول هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو، كە تیایدا پارتی دیموكراتی كوردستان بە بردنەوەی 45كورسی  و یەكێتی نیشتیمانی بە بردنەوەی 21 كورسی  و بزوتنەوەی گۆڕانیش بە بردنەوەی 12 كورسی بونە هێزی یەكەم تا سێییەمی هەرێم و حكومەتیش لە نێوان ئەم سێ‌ لایەنە سەرەكییە پێكدەهێنرێت.

پێكهێنانی كابینەی نوێ بە زنجیرەیەك كۆبوونەوە تیپەڕبووە و كە ماوەی 207 رۆژە بەڕێچووە و بەهۆی ناكۆكی لایەنەكان لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانی كابینەی نوێ پێكهێنانی حكومەت دواكەوتوە.
پێشتر چەند جارێك پێشنیاری كۆبوونەوەی سێ‌ قۆڵی كرا، بەڵام بەهۆی ناكۆكی لایەنەكان نەتوانرا ئەو كۆبوونەوەیە ئەنجام بدرێت.

سەبارە بە شوێنی كۆبوونەوەكە ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەدا، لەكۆبونەوەی ئەمرۆی مەكتەبی سیاسی پارتیدا كە بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی بەرێوەدەچێت ئەوە یەكلایی دەكرێتەوە كە ئایا لەهەولێر دەبێت و وەفدی پارتی بانگهێشتی وەفدی یەكێتی و گۆران دەكات یان وەفدی پارتی دێتە سلێمانی.