کوردستان

10:11 - 25/04/2019

دادگا و ئاسایشی دەستی كردووە بە لێكۆڵینەوە لە هەڕەشەكانی سەرپەرلەمانتارانی نەوەی نوێ‌

پەیسەر

ئاسایشی سلێمانی لەگەڵ دەستگیركردنی سكرتێری شاسوار عەبدولواحید، دەستی گرت بەسەر چەند ئامێرێكی كۆمپیوتەر و مۆبایل كە گومان دەكرێت  ئەو ئامێرانە بن هەڕەشەیان لە پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ پێكرابێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی لە سەرچاوەیەكی بەرپرسەوە بە پەیسەرپرێس دراوە، هێزەكانی ئاسایش شەوی رابردوو رەوەند شاكری سكرتێری شاسوار عەدولواحیدی دەستگیركردووە.

لەگەڵ دەستگیركردنی ئەو سكرتێرەشدا ئاسایش چەند ئامێرو كۆمپویتەر و نوسینگەكەی سكرتێری شاسوار عەبدولواحیدی دەستگیركردووە كە گومانی ئەوەی لێدەكرێت هەڕەشەكانیان لە دژی پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ پێكرابێت، بەكارهێنرابن بۆ تۆماركردنی ڤیدیۆ و دەنگی پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ.

دوێنَی شادی نەوزاد پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هەڕەشەكانی سەریانی ئاشكرا كرد كە هەڕەشەكان خۆی لە بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی رووتی پەرلەمانتاران دەبینێتەوە و ئەو پەرلەمانتارە ئەوەی بە پێشێلكردنی مافی  شەخسی و هەڕەشەیەك بۆ سەر پڕۆسەی دیموكراسی و سەرپەرلەمانتاران نیشاندا.

دەستگیركردنی رەوەند شاكر  و ئامێرەكان بە فەرمانی دادوەر و دوای سكاڵای ئەندان پەرلەمانەكانی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان بووە.

بەهۆی نیگەرانی لە چۆنێتی بەڕێوەبردنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئەنجومەنی باڵای ئەو حیزبە و پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە، دوای بڵاوكردنەوەی ئەو بەیاننامە  و بەپێی لێدوانی پەرلەمانتارانی كوردستان بۆ فشارخستنە سەر ئەو پەرلەمانتارانە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی روتیان لێكراوە.