کوردستان

11:22 - 03/12/2018

زانیارییه‌كان له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ماڵی نێچیرڤان بارزانی‌

پەیسەر

شه‌وی رابردوو(یه‌كشه‌ممه‌) بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان و قسه‌ كردن له‌سه‌ر نیگه‌رانییه‌كانی نێچیرڤان بارزانی، كۆبوونه‌وه‌یه‌ك به‌ئاماده‌بوونی مه‌سرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی ژماره‌یه‌ك له‌ مه‌كته‌بی سیاسی پارتی به‌ڕێوه‌چوو.

 
ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌به‌ر هه‌ستیاری بابه‌ته‌كه‌ ناوه‌كەی خۆی بۆ خوێنه‌رانی په‌یسه‌رئاشكرا ناكات و رایده‌گه‌یه‌نێت: "كۆبوونه‌وه‌كه‌ی شه‌وی رابردوو ماڵی نێچیرڤان بارزانی به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و به‌سه‌رپه‌رشتی دكتۆر رۆژ نوری شاوه‌یس به‌ڕێوه‌چووه‌."
گوتیشی: له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ‌دوایین پێشهاته‌كانی پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێم و دیاریكردنی كاندیدی پارتی بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ كرا.

پێشتر په‌یسه‌رپرێس بڵاویكرده‌وه‌، كه‌ نێچیرڤان بارزانی برازای مه‌سعود بارزانی نیگه‌ران بووه‌ له‌ مامه‌ڵه‌كردنه‌كانی ئه‌م دوایه‌ی مامی و ئه‌و نیگه‌رانیه‌شی له‌ڕێی ژماره‌یه‌ك مه‌كته‌ب سیاسی پارتییه‌وه‌ گه‌یاندوه‌ته‌وه‌ سه‌رۆكی پارتی.

نێچیرڤان بارزانی نیگه‌ران بووه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانی مه‌سعود بارزانی، بۆ دوورخستنه‌وه‌ی له‌ سه‌رۆكایه‌تیكردنی حكومه‌ت و بردنی مه‌سرور بارزانیش بۆ به‌غدا وه‌ها لێكداوه‌ته‌وه‌ كه‌ مه‌سعود بارزانی پشتیوانی مه‌سرور بارزانی ده‌كات.

بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كان و ره‌وینه‌وه‌ی نیگه‌رانییه‌كانی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دكتۆر رۆژ نوری شاوه‌یسی راسپارد بوو كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌ ماڵی ناوبراو به‌ ئاماده‌بوونی مه‌سرور بارزانی ئه‌نجام بدات و نیگه‌رانییه‌كان كۆتایی پێ بهێنرێت.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی ده‌ست په‌یسه‌رپرێس كه‌وتوه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی شه‌وی رابردوودا، نێچیرڤان بارزانی ئاماده‌نه‌بووه‌ ده‌ستبه‌رداری پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌ت بێت و ده‌یه‌وێت له‌ كابینه‌ی داهاتوو سه‌رۆكوه‌زیران بێت.

زانیارییه‌كان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ مه‌سرور بارزانی مه‌رجی وازهێنانی له‌ پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌ت، ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ ده‌بێت پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم به‌ هه‌مان ده‌سه‌ڵاته‌كانی پێشوه‌وه‌ وه‌ربگرێت و له‌و كاته‌شدا واز له‌ پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌هێنێت.

لیژنه‌كه‌ نه‌یتوانیووه‌ بڕیاری كۆتایی بدات و بۆیه‌ بڕیاره‌كه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی جێهێڵدراوه‌ و دوایین بڕیاریش دراوه‌ته‌وه‌ ده‌ستی مه‌سعود بارزانی ئه‌مڕۆ كۆتا بڕیار له‌باره‌ی دیاریكردنی كاندید بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌درێت.