کوردستان

09:17 - 24/04/2019

هەوڵەكانی شاسوار عەبدولواحید بۆ گێرانەوەی ناڕازییەكان شكست دەهێنێت‌

پەیسەر

سەرجەم هەوڵەكانی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌، بۆ گێڕانەوەی ناڕازییەكانی ناو جوڵانەوەكەی شكستیهێناوەو لەئێستاشدا دەستی بەهەڕەشەی توند كردووە.

شاسوار عەبدولواحید، لەدوای ئەوەی چەند پەرلەمانتارێكی كوردستان‌و عێراق‌و ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای نەوەی نوێ‌ دوو بەیاننامەی ناڕازییان بڵاوكردەوە، دەستی بەچەند هەوڵێك كردووە، بۆ ئەوەی ئەو ناڕازییانە رازی بكات‌و بیانگێڕێتەوە بۆ ناو جوڵانەوەكەی.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست پەیسەرپرێس كەوتووە، شاسوار عەبدولواحید، چ لەرێگەی خۆی، چ لەرێگەی چەند كەسایەتییەك وەك نێوەنگیر هەوڵی ئاشتكردنەوەی ناڕازییەكانی داوە، بەڵام سەرجەم هەوڵەكانی شكستیهێناوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، شاسوار لەدوای شكستی هەوڵەكانی دەستی بەهەڕەشە لەو پەرلەمانتارانەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی باڵا كردووە، بەوەی بەڵگەنامەیان لەسەر ئاشكرادەكات‌و هەڕەشەكانیشی تائێستا بەردەوامە.

سەرەڕای هەوڵ‌و هەڕشەكانی شاسوار عەبدولواحید، زانیارییەكان باس لەوە دەكەن، كە ئەندام پەرلەمانەكان‌و ناڕازییەكانی ناو جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ سوورن لەسەر هەڵوێستەكانیان پرسی گەڕانەوەیان بۆ ناو جوڵانەوەكەو رێككەوتن لەگەڵ شاسوار عەبدولواحیدیان بەتەواوی هەڵپەساردووە.

ناڕازییەكانی ناو نەوەی نوێ‌، پەیوەندی بەهەوڵی شاسوار عەبدولواحید بۆ پەرەدان بەبازرگانییەكەی لەرێگەی جوڵانەوەكە و بەبنەماڵەكردنی نەوەی نوێ‌ هەیە، كە ئێستا بەهۆی ئەو ناڕازییانەوە، نەوەی نوێ‌ بەتەواوی دابەشی دوو بەرە بووەو بەرەی ناڕازیش رۆژ بەرۆژ زیاترو بەهێزتر دەبن، كە ئەوەش ترسی زۆری لای شاسوار دروست كردووە.