کوردستان

07:49 - 23/04/2019

پارتى داواى دواخستنى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك ده‌كات‌

پەیسەر

پارتی پێی باش نیه‌ له‌م قۆناغه‌دا هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ئه‌نجامبدرێت،  له‌ رێگه‌ى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقه‌وه‌ ئه‌م په‌یامه‌ى به‌ به‌غدا گه‌یاندووه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌ له‌میانی كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی دووشه‌ممه‌ی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی و محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، بارزانی په‌یامێكی ئاراسته‌ی به‌غدا كردووه‌ و تێیدا رایگه‌یاندووه‌ ئه‌وان پێیان باش نیه‌ له‌م قۆناغه‌دا هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، پارێزگای كه‌ركوك بگرێته‌وه‌، به‌وپێیه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆری خێزانی كورد ئاواره‌ن و دۆخی پارێزگاكه‌ش ئاسایی نییه‌ و ناسه‌قامگیره‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت بارزانی رایگه‌یاندووه‌، هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ئامانجی خۆی ناپێكێت، و حه‌لبوسیش گوتویه‌تى په‌یامه‌كه‌ی به‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌گه‌یه‌نێت.

ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌ئێستادا له‌ 41 ئه‌ندام پێكدێت و لیستی برایه‌تیش كه‌  زۆرینه‌ی كورده‌ به‌ به‌ده‌ستهێنانی 26 كورسی یه‌كه‌م لیستی شاره‌كه‌یه‌ و له‌ناو لیستی برایه‌تیش پارتی زۆرترین ئه‌ندامی هه‌یه‌.

له‌دوای پرۆسه‌ى ئازادی عێراق ته‌نها یه‌ك جار و له‌ساڵی 2005 هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌كه‌ركوك ئه‌نجامدراوه‌ و له‌هه‌ڵبژاردنه‌ گشتییەكانی ساڵانی 2009 و 2013ی عێراق هه‌ڵبژاردنی تێدا ئه‌نجام نه‌دراوه‌.

پێشتر كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق 16/11/2019 ی بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان دیاریكردووه‌، به‌پێی یاسای ژماره‌ 12ی 2018ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقیش ده‌بێت هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی شاره‌كانی تر به‌رێوه‌بچێت.