کوردستان

07:39 - 23/04/2019

عه‌لى باپیر له‌سه‌ر ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كانى حزبه‌كه‌ى لۆمه‌ى پارتى ده‌كات‌

پەیسەر

عه‌لى باپیر ئه‌میرى كۆمه‌ڵى ئیسلامى له‌ پارتى نیگه‌رانه‌ و پێى وایه‌ ئه‌و حزبه‌ ده‌ستى هه‌بووه‌ له‌ ناڕه‌زاییه‌كانى ئه‌م دواییه‌ى ناوخۆى كۆمه‌ڵ و ئه‌مه‌شى به‌ چەند به‌رپرسێکى حزبه‌كه‌ى گه‌یاندووه‌.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست په‌یسه‌رپرێس كه‌وتوون، عه‌لى باپیر ئه‌میرى كۆمه‌ڵ رووى ره‌خنه‌ى له‌ پارتى بووه‌و لای چەند کەسێکی حزبەکەی گوتویه‌تى ئه‌وان ئاگادارن كه‌ ئه‌و حزبه‌ ده‌ستى هه‌بووه‌ له‌ كێشه‌كانى ئه‌م دواییه‌ى كۆمه‌ڵ و له‌سه‌ر ئه‌مه‌ش پێشوه‌خت ئاگاداری پارتییان كردووه‌ كه‌ خۆى دووربگرێت له‌و كاره‌.

به‌پێى زانیارییه‌كان هۆكارى سه‌ره‌كى پشت قسه‌كانى ئه‌میرى كۆمه‌ڵ كه‌ گوتى"حكومه‌تى نوێ به‌ شایسته‌ى ئه‌وه‌ نازانم كۆمه‌ڵ تێیدا به‌شداربێت و ئه‌و حكومه‌ته‌ خێرى تێدا نه‌ماوه‌"له‌ كاردانه‌وه‌ى ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ پارتى ده‌ستى له‌ نیگه‌رانییه‌كانى نێوخۆى كۆمه‌ڵ وه‌رداوه‌، ئه‌میرى كۆمه‌ڵ پێى وابووه‌ كه‌ ئه‌و حزبه‌ له‌ ئێستاوه‌ به‌وجۆره‌ ده‌ستوه‌ردان بكات كاركردن له‌ حكومه‌ته‌كه‌دا به‌خێر ناشكێته‌وه‌.

ئاماژه‌كان به‌ره‌و ئه‌وه‌بوون كه‌ كۆمه‌ڵ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌بێت به‌شدارى حكومه‌ت بكات، ئه‌میرى كۆمه‌ڵ چه‌ند رۆژێك پێشتر گوتبووتى ئه‌وان نه‌یان گوتووه‌ به‌شدارنابن یاخود ئۆپۆزسیۆن ده‌بن و ئه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌وه‌ سه‌ر دانوستانه‌كان، به‌ڵام عه‌لى باپیر دوێنێ به‌وجۆره‌ لێدوانیدا كه‌ ناچنه‌ نێو حكومه‌ت، به‌پێى زانیارییه‌كان كۆمه‌ڵى ئیسلامى پڕۆژه‌یه‌ك بۆ ئۆپۆزسیۆنبوونى خۆى ئاماده‌ ده‌كات و نه‌خشه‌ى ئۆپۆزسیۆنبوونى چوار ساڵى داهاتووى داده‌رێژێت.

له‌چه‌ند رۆژى رابردوو سێ ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى كۆمه‌ڵ له‌ هه‌ولێر ده‌ستیان له‌كاركێشایه‌وه‌و به‌دواى ئه‌وانه‌شدا چه‌ند به‌رپرسێكى دیكه‌ى ئه‌و حزبه‌ له‌و شاره‌ ده‌ستیان له‌ كاركێشایه‌وه‌.`