کوردستان

07:03 - 23/04/2019

ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌ی محه‌مه‌د حه‌لبوسی بۆ هه‌ولێر‌

پەیسەر

به‌رله‌وه‌ى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ هه‌ولێر ئه‌نجامبدات، بڕیاربووه‌ لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و وه‌زیری دارایی فیدراڵی بێنه‌ هه‌رێمى كوردستان، به‌ڵام محه‌مه‌د حه‌لبوسى گوتویه‌تى ئه‌و خۆى ده‌چێت و سه‌ردانه‌كه‌ى پێشت خستووه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه، سه‌ردانه‌كه‌ی محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بۆ هه‌ولێر چاوه‌ڕوان نه‌كراوبووه‌، به‌وپێیه‌ی كه‌ پێشتر بڕیاربووه‌ لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵی بۆ ده‌نگۆی پێدانی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌ قه‌رزی كۆمپانیا توركییه‌كان بێنه‌ هه‌رێم، به‌ڵام ئێواره‌ی رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌لیژنه‌ی دارایی راگه‌یاندووه‌ خۆی ده‌چێته‌ هه‌رێمی كوردستان و به‌دواداچوون بۆ ئه‌و پرسه‌ ده‌كات.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، حه‌لبوسی پرسی راده‌ستنه‌كردنی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی هه‌رێم و كاندیدى وه‌زیری دادی حكومه‌تی فیدراڵی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێم تاوتوێكردووه‌، هاوكات به‌ دواداچوونى بۆ ئه‌و پاره‌یه‌ش كردووه‌ كه‌ له‌ بەغداوه‌ ره‌وانه‌ى هه‌رێمى كوردستان كرابوو.

رۆژی دووشه‌ممه‌ محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق گه‌یشته‌ هه‌رێم و هه‌مان رۆژ له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی و رۆژی دواتریش له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی كۆبووه‌وه‌، سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت نێچیرڤان بارزانی له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌یدا زانیاری سه‌باره‌ت به‌پاره‌ی به‌غداد خستۆته‌ روو.

حه‌لبوسیش داوای له‌ نێچیرڤان بارزانى كردووه‌ تا جه‌ژنی ره‌مه‌زان حكومه‌تی هه‌رێم دوو مووچه‌ی تر دابه‌ش بكات، نێچیرڤان بارزانیش رایگه‌یاندووه‌ هه‌موو هه‌وڵێك له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌دات و له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایش گفتوگۆ ده‌كات، له‌ به‌رامبه‌ردا حه‌لبوسی رایگه‌یاندووه‌ تا كۆتایی ئه‌م ساڵ به‌ به‌رده‌وامی و مانگانه‌ له‌كاتی خۆیدا پشكی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ره‌وانه‌ ده‌كرێت.

سه‌باره‌ت به‌كێشه‌كانی ئه‌مریكا و ئێرانیش حه‌لبوسی داوای له‌ نێچیرڤان بارزانی كردووه‌ نه‌بنه‌ به‌شێك له‌و ململانێیه‌ و هه‌رچی زووه‌ كابینه‌ی حكومه‌ت پێكبهێنن. پێشتر په‌یسه‌ر ئه‌وه‌ى بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ محه‌مه‌د حه‌لبوسى له‌رێگه‌ى په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كانه‌وه‌ داواى روونكردنه‌وه‌ى كردووه‌ كه‌ بۆچى ئه‌و پاره‌ى ره‌وانه‌ى هه‌رێم كراوه‌ بۆ مووچه‌ى سێ مانگى یه‌كه‌مى ئه‌مساڵ نه‌دراوه‌ به‌ مووچه‌خۆران، حه‌لبوسى هۆشداریدابوو و گوتبووى به‌دواداچوون بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌كات.