کوردستان

10:54 - 23/04/2019

سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی داد و موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران هۆشداری ده‌داته‌ یه‌كێتی و پارتی‌

پەیسەر

سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ سێ ئامانجی دیاریكراو كه‌خۆی له‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و وه‌زاره‌تی داد و هه‌نارده‌كردنی نه‌وت هاتۆتە هەرێم و ئەمرۆش لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی كۆدەبێتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ سێ مەبەست هاتۆتە هەرێم، ئەوانیش دوا هۆشداری دەداتە یەكێتی و پارتی كە ئەگەر لەسەر پۆستی وەزیری داد نەگەنە رێككەوتن ئەوە چیتر تەواوكردنی حكومەت لەسەر كورد ناوەستێنن.

سەرچاوەكە دەڵێت، لەئێستادا كاندیدی پۆستەكانی ناوخۆ و بەرگری دیاریكراون و تەنها پۆستی وەزیری داد ماوە كە پشكی كوردە و بەهۆی ناكۆكیەكانی یەكێتی و پارتیەوە تائێستا یەكلایی نەبۆتەوە.
مەبەستی دووەمی سەردانەكەی حەلبوسی گەیاندنی پەیامێكی شیعەكانە كە ئایە 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رادەست دەكەن یان نا ؟ سەرچاوەكە دەڵێت پێشتریش حكومەتی عێراق بۆ هەمان مەبەست فالح فەیازی رەوانەی هەرێم كردبوو، و تێیدا مەسعود بارزانی بەڵێنی پێدابوو بەزووترین كات وەفدێك بۆ دانوستان لەسەر ئەوپرسە رەوانەی بەغداد دەكات و تائێستاش وەفدەكە رەوانە نەكراوە.

مەبەستی سێیەمی سەردانەكەی حەلبوسی ئەوەیە كە دڵنیابێتەوە كە پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ دانەوەی قەرزی كۆمپانیا نەوتیەكان بەكارنەهێندراوە، سەرچاوەكە دەڵێت ئەگەر بزانێت پارەی موچە دراوە بەقەرزی توركیا ئەوە پێدەچێت لەئەنجومەنی نوێنەران رێكاری توند دژی هەرێم بگرێتەبەر.

محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئێوارەی دوێنێ گەیشتە هەولێر و دواتر لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی كۆبۆوە و ئەمرۆش لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت كۆدەبێتەوە.