کوردستان

04:57 - 22/04/2019

پەیسەرپرێس هۆكاری كێشەكانی نەوەی نوێ ئاشكرا دەكات‌

پەیسەر

سەركردەیەكی نارازی نەوەی نوێ هۆكاری كێشەناوخۆیەكانی حزبەكەی ئاشكرا دەكات و دەڵێت نەیانتوانی جیاواز بن، بەپێی زانیارییەكانیش فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەهەوڵی دروستكردنی فراكسیۆنێكی یەكگرتووی نوێدایە.

سەركردەیەكی نارازی نەوەی نوێ كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت بەپەیسەر پرێسی راگەیاند نەوەی نوێ جیاواز لەتەواوی حزبەكانی تر سەرۆكەكەیان لەبزنسەوە هەنگاوی بەئاراستەی سیاسی نا.

دەشڵێت، تاكە حزبن لەكۆمپانیای بازرگانیەوە حزبی سیاسیان دروست كردبێت، بۆیە شاسوار عەبدولواحد سەرۆكی جوڵانەوەكە بەتەواوەتی نەوەی نوێ بەموڵكی خۆی دەزانێت و پێی وایە بۆ دروستكردنی سەرباری خەرجیەكی زۆری دارایی، سەرجەم موڵك و ماڵەكانیشی خستۆتە مەترسیەوە بۆیە ئێستا ئامادەنیە گوێ بۆ رەخنەی ئەندامە باڵاكانی تری بزوتنەوەكە بگرێت.

سەبارەت بە چارەنوسی فراكسیۆنی نەوەی نوێش و بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست پەیسەر كەوتووە، لە ئێستا پەرلەمانتارانی نەوی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەوڵی دروستكردنی فراكسیۆنێكی نوێدان و بۆ ئەو مەبەستەش قسەیان لەگەڵ هەردوو فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی كردووە.

شەوی رابردوو فراكسیۆنی نەوەی نوێی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ‌ لە راگەیاندراوێكدا كێشەكانی خۆیان لەگەڵ بەرپرسانی نەوەی نوێ ئاشكراكرد و رایانگەیاند، كە ئەو حیزبە تێكەڵ بەكاری بزنس و بەرژەوەندی شەخسی كراوە و لە بنەما سەرەكییەكانی دروستبوونی نەوەی نوێ لایداوە.

نەوەی نوێ لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 4 كورسی و لەپەرلەمانی كوردستان 8 كورسی هەیە، لەلایەن شاسوار عەبدولواحد سەرۆكی گروپی كۆمپانیاكانی نالیاوە دروستكرا.