03:14 - 22/04/2019
باڵیۆزخانەی ئەمریكا ئاگادارینامەیەك لەسەر ئێران دەداتە عێراق و هەرێم
هەفتەی داهاتوو ئەمریكا ژمارەیەك سزای نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت، لەو بارەشەوە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبەغداد حكومەتی عێراق و هەرێمی لەوە ئاگاداركردۆتەوە پەیسەرپرێس مەترسیەك لەسەر هەرێم ئاشكرا دەكات.
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبەغداد حكومەتی عێراق و هەرێمی لەوە ئاگاداركردۆتەوە كە وڵاتەكەی بەنیازە ژمارەیەك سزای نوێ بەسەر ئێراندا بسەپێنێت و رێگری لەهاتنی كەل و پەلی ئێران بۆ عێراق بكات.
سەرچاوەكە دەڵێت ، ئەو سزا نوێیانەی واشنتۆن بەتەواوەتی ئابوری عێراق لەئابوری ئێران دادەبرێت و هۆشداریشی داوەتە هەرێمی كوردستان و عێراق لەپابەند نەبوون بەو سزایانە.
تا ئێستا بەتەواوەتی دیاری نیە ئەو بوارانە كامانەن كە سزاكانی ئەمریكا دەیانگرێتەوە، بەڵام ئەگەر خۆراك بێت ئەوە دەبێتە مەترسی بۆ سەر هەرێم و عێراق چونكە هاوكات دەبێت لەگەڵ نزیك بوونەوەی مانگی رەمەزان و تائێستاش نەهەرێم و نەبەغداد هیچ بەرنامەیەكیان نیە بۆ كۆنترۆڵكردنی بازار و هیچ دەرچەیەكی تریشیان نەدۆزیوەتەوە بۆ هێنانی خۆراك.