کوردستان

12:35 - 21/04/2019

په‌یسه‌رپرێس هۆكارى یه‌كلانه‌بوونه‌وه‌ى كاندیدى وه‌زیرى داد ئاشكراده‌كات‌

پەیسەر

به‌شێك له‌لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان كاندیدیان بۆ وه‌زیری ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ ئاماده‌كردووه‌، كه‌ تا ئێستا به‌ وه‌كاله‌ت به‌ڕێوه‌ده‌برێن‌ و ته‌نیا كاندیده‌كه‌ی كورد ماوه‌، كه‌ یه‌كلایینه‌بووه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌ویش كاندیدى وه‌زاره‌تى داده‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانی په‌یسه‌رپرێس، یه‌كلانه‌بوونه‌وه‌ى كاندیدى وه‌زاره‌تى داد، په‌یوه‌ندى ململانێ ناوخۆییه‌كانى یه‌كێتى نیشتمانى هه‌یه‌، كه‌ ململانێكان به‌رده‌وامن.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كان، كه‌ركوكییه‌كانى ناو یه‌كێتى نیشتمانى، به‌تایبه‌تى له‌مه‌كته‌بى سیاسى‌و سه‌ركردایه‌تى پێیانوایه‌، ده‌بێت، كاندیدى یه‌كێتى بۆ پۆستى وه‌زاره‌تى داد كه‌سێك بێت خه‌ڵكى كه‌ركوك بێت.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كان له‌به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌دا به‌شێكى ترى مه‌كته‌بى سیاسى ئه‌وه‌یان ره‌تكردووه‌ته‌وه‌و ناوى كه‌سێكى تریان پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆك وه‌زیران كردووه‌، بۆ پۆستى وه‌زاره‌تى داد، كه‌ ئه‌ویش سمكۆ ئه‌سعه‌د راوێژكارى مه‌كته‌بى سیاسى حیزبه‌كه‌یه‌.

له‌ئێستادا به‌هۆى ئه‌و كێشه‌و ململانێیانه‌وه‌، عادل عه‌بدولمه‌هدى نه‌یتوانیوه‌، ناوى كاندیده‌كه‌ى یه‌كێتى پێشكه‌ش به‌په‌رله‌مان بكات‌و تائێستاش دیارنییه‌، كه‌ ناوى كاندیده‌كه‌ یه‌كلاده‌بێته‌وه‌.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ شه‌عبان ئه‌لحه‌مدانی بۆ وه‌زیری په‌روه‌رده‌ یه‌كلابووه‌ته‌وه‌، بۆ وه‌زیری به‌رگریش هه‌ریه‌كه‌ له‌سه‌لیم جبوری و هیشام ده‌راجی ناویان پێشكه‌شكراوه‌و چاوه‌ڕوانده‌كرێت به‌ده‌نگدان له‌ناو هۆڵی په‌رله‌مان یه‌كلایی بكرێته‌وه‌. 

هه‌روه‌ها بۆ وه‌زیری ناوخۆش، هه‌ریه‌كه‌ له‌ یاسین ئه‌لیاسری، حامد حسنی، عه‌بدولغه‌نی ئه‌سه‌دی كاندیدن و به‌ هه‌مان شێوه‌ چاوه‌ڕوانده‌كرێت ئه‌گه‌ر سه‌رۆك وه‌زیران یه‌كێك له‌وانه‌ هه‌ڵنه‌بژێرێت ئه‌وا به‌ ده‌نگدان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران یه‌كلایی بكرێته‌وه‌.