کوردستان

11:43 - 20/04/2019

ده‌سه‌ڵاته‌كانى پۆسته‌كه‌ى یه‌كێتى له‌ سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم دیاریده‌كرێت‌

پەیسەر

به‌پێى ئه‌و لێكتێگه‌یشتنه‌ى له‌نێوان گۆڕان و پارتى بۆ چاره‌سه‌ركردنى گرفتى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم درووستبووه‌، ئه‌و پۆسته‌ى یه‌كێتى له‌ سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم وه‌ریده‌گرێت ده‌سه‌ڵاته‌كانى سنوردارده‌بن و سه‌رۆكى هه‌رێم چه‌ند ده‌سه‌ڵاتێكى پێ ده‌به‌خشێت.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست په‌یسه‌ر پرێس كه‌وتووه‌، تا ئێستا لێك تێگه‌یشتنه‌كه‌ به‌وجۆره‌وه‌یه‌ كه‌ گۆڕان رازیبووه‌ به‌پێدانى ئه‌و پۆسته‌ به‌ یه‌كێتى، به‌ڵام مه‌رجى ئه‌وه‌ى هه‌بووه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانى سنوردار بن.

له‌به‌رامبه‌ردا پارتى دڵنیایى داوه‌ كه‌ ئه‌و پۆسته‌ ده‌سه‌ڵاتى فراوانى لانابێت و ده‌سه‌ڵاته‌كانى سنوردارده‌بن كه‌ دواتر سه‌رۆكى هه‌رێم خۆى لائیحه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كان دیاریده‌كات كه‌ چۆن بن ده‌سه‌ڵاته‌كان.

به‌هۆى ناكۆكى له‌سه‌ر ژماره‌ى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم، هه‌موارى یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان راوه‌ستاوه‌و یه‌كێتى داواى زیادكردنى جێگرێك ده‌كات، پێشتریش گۆڕان و پارتى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتبوون كه‌ جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم بۆ گۆڕان بێت.