کوردستان

10:33 - 20/04/2019

به‌غدا له‌سه‌ر مووچه‌ى سێ مانگى یه‌كه‌مى ئه‌مساڵ هۆشدارى به‌ هه‌رێم ده‌دات‌

پەیسەر

محه‌مه‌د حه‌لبوسى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، به‌رامبه‌ر ره‌وانه‌كردنى مووچه‌ى سێ مانگى یه‌كه‌مى ئه‌مساڵى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌غداوه‌و وه‌ دابه‌شنه‌كردنى له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌، هۆشداریداوه‌و داواى روونكردنه‌وه‌ى كردووه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، له‌ رێگه‌ى په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كانه‌وه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، داواى روونكردنه‌وه‌ى كردووه‌ كه‌ بۆچى حكومه‌تى هه‌رێم مووچه‌ى سێ مانگى یه‌كه‌مى ئه‌مساڵى بۆ ره‌وانه‌كراوه‌و دابه‌شى ناكات، فشارى كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم روونكردنه‌وه‌ بده‌ن.

محه‌مه‌د حه‌لبوسى هۆشدارى توندى داوه‌ له‌ ئه‌گه‌رى دابه‌شنه‌كردنى ئه‌و پاره‌یه‌ى بۆ مووچەى ره‌وانه‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌كرێت، گوتویه‌تى له‌ رێگه‌ى وه‌زیرى دارایى عێراقه‌وه‌ داواى روونكردنه‌وه‌ ده‌كه‌ن و ده‌بێت حكومه‌تى هه‌رێم روونكردنه‌وه‌ بدات.

حكومه‌تى عێراق بۆ مووچه‌ى مانگه‌كانى(یه‌ك، دوو، سێ)ى ئه‌مساڵى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان، پاره‌ى ره‌وانه‌كردووه‌، به‌ڵام حكومه‌تى هه‌رێم ئێستا سه‌رقاڵى دابه‌شكردنى مووچه‌ى مانگى یه‌كه‌ به‌و پاره‌ى كه‌ بۆ مووچه‌ى مانگى چوار بۆى ره‌وانه‌ كراوه‌.

دوێنێ وه‌زاره‌تى دارایى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا ئاماژه‌ى به‌وه‌كردبوو، ئه‌و پاره‌ى بۆ مانگى یه‌ك و دوو له‌ به‌غداوه‌ ره‌وانه‌كرابوو مووچه‌ى مانگى 11و 12ى پێ دابینكراوه‌و ئه‌و پاره‌شى بۆ مووچه‌ى مانگى سێ ره‌وانه‌كراوه‌ له‌هیچ شتێكدا خه‌رج نه‌كراوه‌ به‌ڵام به‌شى ئه‌وه‌ ناكات مووچه‌ى مانگێكى بێ پاشه‌كه‌وت پێ دابه‌شبكرێت.