کوردستان

10:56 - 18/04/2019

گۆڕان و پارتی له‌سه‌ر پۆسته‌كانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن‌

پەیسەر

دوای پێدانی پۆستی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم به‌ یه‌كێتی له‌لایه‌ن پارتیییه‌وه‌، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان نیگه‌رانییه‌كان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه‌ی پارتی پیشاندا، به‌ڵام دوای گفتوگۆو كۆبوونه‌وه‌ گۆڕان و پارتی له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته‌ گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی دراوه‌ به‌په‌یسه‌رپرێس، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ رازیبوون له‌به‌رامبه‌ر دانانی دوو جێگر بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم چه‌ند مه‌رجێكی نوێی پێشنیازكرد بۆ پارتی و پارتیش به‌ مه‌رجه‌كان رازی بووە.

مه‌رجه‌كانی گۆڕان بۆ رازیبوونی دانانی جێگرێكی دیكه‌ بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم، تێپه‌ڕاندنی یاسای چاكسازی بوو به‌و مه‌رجانه‌ی گۆڕان داوای ده‌كات، هه‌روه‌ها به‌ نیشتیمانیكردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ بووه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كان پارتی مه‌رجه‌كانی گۆڕانی قبوڵ بووه‌ و یه‌كه‌م هه‌نگاوی په‌رله‌مانیش دوای دەستبەركاربوونی حكومەت، تێپه‌ڕاندنی یاسای چاكسازی ده‌بێت كه‌ موچه‌ی سه‌دان خانه‌نیشینی نایاسایی ده‌بڕدرێت و هه‌روه‌ها موچه‌ی پله‌ باڵاكانی كه‌مده‌كرێـته‌وه‌و موچه‌ كه‌مه‌كان و خانه‌نیشینیان زیاد ده‌كرێت.

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان داوای ئه‌وه‌شی كردووه‌، كه‌ ده‌بیت هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ یه‌كبخرێت و ده‌سه‌ڵاتی نوێنه‌ره‌كه‌ی له‌سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌م بواره‌وه‌ پێبدرێت بۆ جێبه‌جێكردنی مه‌رجه‌كه‌ی و پارتیش به‌م داوایه‌ رازی بووه‌.

ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ هاوپه‌یمانان له‌ هه‌وڵی جدیدان بۆ یه‌كخستنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش ده‌یه‌وێت رۆڵی هه‌بێت له‌ یه‌كخستنی ئه‌م هێزانه‌ی كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ داواكارییه‌كانی بزوتنه‌وه‌كه‌ له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه‌ تا ئێستا.