کوردستان

06:53 - 17/04/2019

یه‌كێتی و پارتی رێككه‌وتنه‌كه‌یان واژوو ده‌كه‌ن‌

پەیسەر

دوای زیاتر له‌ 10 دانیشتن بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ و ناكۆكیی له‌سه‌ر دابه‌شكردنی پۆسته‌كان، دواجار وا بڕیاره‌ له‌سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو رێككه‌وتنه‌كه‌یان واژوو ده‌كه‌ن.

پێشتر یه‌كێتی دوو رێككه‌وتنیان ئه‌نجامدابوو بۆ دابه‌شكردنی پۆسته‌كانی كابینه‌ی نوێ، كه‌ یه‌كێكیان به‌زاره‌كی  و یه‌كێكی دیكه‌شیان به‌ نوسراو له‌ مه‌راسیمێكدا له‌لایه‌ن نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و كۆسره‌ت ره‌سوڵ جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی واژوو كرا، به‌ڵام به‌هۆی په‌شیمانبوونه‌وه‌ی رێككه‌وتنه‌كان هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌.


له‌ دوایین كۆبوونه‌وه‌و  هه‌روه‌ها له‌ رێگه‌ی ته‌له‌فونه‌وه‌ یه‌كێتی و پارتی گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتنی سێیه‌م وا بڕیاره‌ له‌سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌، رێككه‌وتنه‌كه‌ ئیمزا بكه‌ن.

كێشه‌ی به‌رده‌م ئیمزاكردنی رێككه‌وتنه‌كه‌ پۆستی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم بوو كه‌ یه‌كێتی داوایكردبوو، سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار به‌ په‌یسه‌رپرێسی راگه‌یاند: یه‌كێتی و پارتی له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته‌ش گه‌یشتونه‌ته‌ رێككه‌وتن.

په‌یسه‌ر بۆ زانیاری وه‌رگرتن له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌و چۆنێتی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی پۆسته‌كانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم په‌یوه‌ندیكرد به‌ چه‌ند به‌رپرسێكی باڵای یه‌كێتی و  پارتی به‌ڵام ئاماده‌نه‌بوون له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ زانیارییه‌كان ئاشكرا بكه‌ن.