کوردستان

11:35 - 02/12/2018

پەكەكە هۆشداری دەداتە یەكێتی‌

پەیسەر

لەسەر ئەوەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، چووەتە ژێر باری فشارو داواكارییەكانی توركیا، پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە لەو حیزبە نیگەرانە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی پەیسەر پرێس لەدوو سەرچاوەی ئاگادارەوە دەستیكەوتووە، پەكەكە نیگەران بووە لەهەوڵەكانی داخستنی بارەگاكانی تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان، نیگەرانییەكانیشی بەسەركردایەتی ئەو حیزبە گەیاندووە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، پەكەكە جگە لەگەیاندنی نیگەرانییەكانی بەیەكێتی، هۆشداریداوەتە بەرپرسانی ئەو حیزبە، ئەگەر بێت‌و لەفشارەكانیان بەردەوامبن، ئەوە بە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ یەكێتی دەچینەوەو كاردانەوەی تریشیان دەبێت.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە لەپشكی یەكێتی ئەو پۆستەی وەرگرتووە، رۆژی 25ی تشرینی دووەم بڕیاریدا بەداخستنی بارەگای ئەو حیزب‌و رێكخراوانەی مۆڵەتی فەرمی-یان لەوەزارەتی ناوخۆی هەرێم نییە.

یەكێك لەو حیزبانەی بڕیارەكە دەیگرێتەوە، "تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان"ە، كە پارتێكی نزیكە لە "پارتی كرێكارانی كوردستان" (پەكەكە)و ئامانجی سەرەكی لەبڕیارەكە قەدەقەكردن‌و داخستنی بارەگاكانی ئەو حیزبەیە لەپارێزگای سلێمانی بووە.

هۆكاری بڕیارەكەش، بۆ ئەو داواكارییانەی توركیا دەگەڕێتەوە، كە ماوەیەكە وەك فشار خستوویەتییە سەر یەكێتی، بۆ ئەوەی جموجوڵ‌و چالاكییەكانی پەكەكەو حیزب‌و رێكخراوەكانی نزیك لەو حیزبە لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی كەمبكاتەوە.

داواكاری‌و فشارەكانی توركیا دوای ئەوە هات، رۆژی 4 تشرینی دووەم، شاندێكی توركیا، كە ھاكان كاراچای، كۆنسوڵی گشتی توركیا لەھەرێم سەرۆكایەتی دەكرد، سەردانی دەباشان-یان كردو لەگەڵ شاندێكی یەكێتی نیشتمانی كۆبوونەوە.

وەك ئەوەی میدیای فەرمی یەكێتی بڵاویكردەوە، شاندی حیزبەكەیان لەكۆبوونەوەكە داوایان لەشاندی توركیا كردووە، گەمارۆی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی هەڵگرن، لەكاتێكدا ئەنقەرە چەند مانگێكە بەبیانووی چالاكییەكانی پەكەكە لەپارێزگای سلێمانی گەمارۆی خستووەتە سەر ئەو فڕۆكەخانەیە.

تەڤگەری ئازادی لە 19/1/2018 مۆڵەتی فەرمی لەحكومەتی عێراق وەرگرتووەو تائێستاش چەندین جار بەشێوەیەكی فەرمی داوای مۆڵەتی لەوەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان كردووە، بەڵام سەرجەم داواكارییەكانی رەتكراوەتەوە.

هەفتەی رابردوو هێزەكانی ئاسایش لەسەر بنەمای ئەو بڕیارەی قوباد تاڵەبانی هەستان بەداخستنی بارەگاكانی تەڤگەرو پەیسەر پرێس ئەوەشی زانیوە، لەسەروبەندی هەڵمەتەكانی داخستنی بارەگاكان بەرپرسانی پەكەكە چەندین پەیوەندییان بە بەرپرسانی یەكێتی كردووەو داوای راگرتنی هەڵمەتەكەیان كردووە، بەڵام وەڵامی داواكارییەكانیان نەدراوەتەوە.

هەروەها زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە لەبەرانبەر ئەوەدا پەكەكە كاردانەوەی هەبووەو لەناوچەی سوسنێ‌ لەنزیك شەنگال، كە پەكەكە تێدا باڵا دەستە بارەگای كۆمیتەی یەكێتی-یان داخستووە و هۆشداری ئەوەشیان داوە لەو هەڵمەتانە لەچەند ناوچەیەكی تر بەردەوام دەبن، ئەگەر بەرپرسانی یەكێتی هەڵمەتەكە رانەگرن.