کوردستان

11:34 - 15/04/2019

پەیسەرپرێس هۆكاری دواكەوتنی سەردانی شاندی پارتی بۆ سلێمانی ئاشكرادەكات‌

پەیسەر

نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، تا دڵنیا نەبێت لەوەی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتی نیشتمانی دەگاتە رێككەوتن سەردانەكەی بۆ سلێمانی ئەنجامنادات.

بڕیاربوو لەماوەی چەند رۆژی رابردوو نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی سەردانی سلێمانی بكات‌و لەگەڵ شاندی بزووتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتی نیشتمانی كۆببێتەوە، بەڵام تائێستا سەردانەكەی ئەنجامنەداوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ناو پارتی دراوە بەپەیسەرپرێس، هۆكاری دواكەوتنی سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ سلێمانی پەیوەندی بەوەوە هەیە، كە دەیەوێت جۆرێك دڵنیایی لەیەكێتی‌و گۆڕان وەربگرێت، بەوەی سەردانەكەی دەبێتە هۆی چارەسەری كێشەكان‌و رێككەوتن لەنێوانیان دروست دەبێت.

هەر بەپێی زانیارییەكان، جێگری سەرۆكی پارتی لەرێگەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەرپرسانی گۆڕان‌و یەكێتی داوای رێككەوتنی پێشوەختەی لەبەرپرسانی هەردوو حیزب كردووە، بەڵام تائێستا لەو بارەوە نەگەیشتووە بەئەنجام، بۆیە سەردانەكەی بۆ سلێمانی دواخستووە.

كێشەی گۆڕان‌و یەكێتی لەگەڵ پارتی بەهۆی زیادكردنی جێگرێكە بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كە پارتی لەو بارەوە لەگەڵ یەكێتی گەیشتووەتە رێككەوتنی سەرەتایی‌و گۆڕانیش ئەوە رەتدەكاتەوە.

ناڕازی بوونی گۆڕان لەزیادكردنی جێگرێك بۆ سەرۆكی هەرێم پرۆسەی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی دواخستووەو پارتیش دەیەوێت بەپێدانی پۆستی تر ئەو بزووتنەوەیە رازی بكات.