کوردستان

03:54 - 14/04/2019

قه‌رزه‌كانى توركیا له‌سه‌ر حكومه‌تى هه‌رێم ته‌واو ده‌بن‌

پەیسەر

حكومه‌تی هه‌رێم قه‌رزه‌كانى توركیای له‌ داهاتی نه‌وتی هه‌رێم دایه‌وه‌ و زۆرینه‌ی پاره‌ی فرۆشتنی سامانه‌سروشتیه‌كانیش، له‌چه‌ند ساڵی رابردوودا بۆ توركیا بووه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، له‌ سێ ساڵی رابردوودا زۆرینه‌ی داهاتی نه‌وتی هه‌رێم بۆ قه‌رزه‌كان رۆیشتووه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت له‌ئێستادا كه‌ داهاتی نه‌وت مانگانه‌ نزیكه‌ی 700 ملیۆن دۆلاره‌ و نزیكه‌ی 300 ملیۆن دۆلاری ده‌هێندرێته‌وه‌ بۆ موچه‌ به‌وپێیه‌ی وه‌زاره‌تی سامانه‌سروشتیه‌كان مانگانه‌ 378 ملیار دینار ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ و پاره‌كه‌ی تریش بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌ ده‌ره‌كیه‌كانی حكومه‌ت هه‌رێم  و هه‌قده‌ستی كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان ده‌ڕوات و زۆرینه‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ش بۆ توركیایه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت، مانگانه‌ زیاتر له‌ 100 ملیۆن دۆلار دراوه‌ته‌وه‌ توركیا و مانگی شه‌شی ئه‌مساڵیش توركیا هیچ قه‌رزێكی له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم نامێنێت.

سه‌باره‌ت به‌قه‌رزه‌كانی توركیا سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت، به‌شێكی حكومه‌تی هه‌رێم به‌كاش وه‌ری گرتووه‌ و به‌شه‌كه‌ی تریش كۆمپانیا توركیه‌كان له‌هه‌رێم پرۆژه‌یان جێبه‌جێكردووه‌.

حكومه‌تى عێراق له‌ مامه‌ڵه‌ نه‌وتییه‌كانى كه‌وته‌ ژێر بارى قه‌رزى گه‌وره‌و تا ئێستا ده‌ڵێت به‌شێكى زۆرى داهاته‌كه‌ى بۆ دانه‌وه‌ى قه‌رزه‌كان دابینده‌كات، به‌پێى هه‌ندێك ئامارى نافه‌رمى كۆى قه‌رزه‌كانى هه‌رێم 25 ملیار دۆلار ده‌بێت.