کوردستان

03:43 - 14/04/2019

ده‌سه‌ڵاته‌كانى پۆسته‌كه‌ی یه‌كێتی له‌سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم‌

پەیسەر

پۆسته‌كه‌ی یه‌كێتی له‌سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ته‌نها دوو ده‌سه‌ڵاتی ده‌بێت و یه‌كێتیش ده‌یه‌وێت له‌نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوردا سه‌رۆكی هه‌رێم دوو جێگری هه‌بێت، هه‌روه‌ها داواى زیادكردنى ده‌سه‌ڵاته‌كانى ئه‌و پۆسته‌ نوێیه‌ى كردووه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌ پارتی به‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆرانی راگه‌یاندووه‌ كه‌ پۆستی یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی هه‌رێم كه‌ بریاره‌ بدرێته‌ یه‌كێتی ته‌نها دوو ده‌سه‌ڵاتی ده‌بێت و ده‌سه‌ڵاته‌كانیش تایبه‌ت ده‌بن به‌ هه‌مه‌هه‌نگی و رێكخستنی كاروباری سه‌ربازی له‌سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و په‌یوه‌ندیه‌ سه‌ربازیه‌كانی هه‌رێم وبه‌غداد.

هه‌روه‌ها به‌وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆی هه‌یه‌ پله‌ی سه‌ربازی ئه‌فسه‌ران به‌رزبكاته‌وه‌، چه‌ند ئه‌ركێكیشی له‌سه‌رشانه‌ له‌وانه‌ش ده‌بێت به‌نوسراو ته‌واوی ئه‌و چه‌كانه‌ی دێنه‌ هه‌رێمی كوردستان و چۆنیه‌تی دابه‌شكردنیان بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم و جێگره‌كه‌ی روون بكاته‌وه‌.

به‌پێی زانیاریه‌كانی سه‌رچاوه‌كه‌ یه‌كێتی داواشیكردووه‌ یاریده‌ده‌ری جێگری سه‌رۆكى هه‌رێم یان جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ كاروباری سه‌ربازی، ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر وه‌زاره‌ته‌كانی ناوخۆ و پێشمه‌رگه‌ و ئاسایشدا هه‌بێت و بۆشی هه‌بێت له‌ده‌ره‌وه‌ نوێنه‌رایه‌تی هێزی پێشمه‌رگه‌ بكات، به‌ڵام پارتی تائێستا ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ئه‌و داواكاریه‌ پیشان نه‌داوه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌شڵێت جگه‌ له‌وه‌ش یه‌كێتی هه‌وڵ ده‌دات له‌پرۆسه‌ی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمدا سه‌رۆكی هه‌رێم دوو جێگری هه‌بێت، به‌ڵام بزوتنه‌وه‌ی گۆران ئه‌م پێشنیاره‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ و پێی وایه‌ بارگرانیه‌ بۆسه‌ر خه‌رجی گشتی و گه‌رانه‌وه‌یه‌ بۆ دوو ئیداره‌ی.