کوردستان

03:33 - 14/04/2019

یه‌كێتى كۆنگره‌ بۆ ساڵى داهاتوو دواده‌خات‌

پەیسەر

یه‌كێتی له‌م ساڵدا كۆنگره‌ نابه‌ستێت و كۆنگره‌ى چوارى ئه‌و حزبه‌ ده‌كه‌وێته‌ ساڵی داهاتوو، ده‌یه‌وێت ئه‌مساڵ لیژنه‌یه‌ك ئاماده‌كارى بۆ كۆنگره‌ بكات، رێكاره‌كانى كۆنگره‌ به‌و لیژنه‌یه‌ بسپێرێت.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌ یه‌كێتی له‌م ساڵدا كۆنگره‌ نابه‌ستێت و كۆنگره‌ی ئه‌و حزبه‌ ده‌كه‌وێت سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوو، به‌ڵام ده‌بێت له‌م ساڵدا لیژنه‌ی ئاماده‌كاری كۆنگره‌ دیاریبكرێت و ده‌ستبه‌كاربێت بۆ دیاریكردنی ئه‌ندامانی كۆنگره‌ و رێكاره‌كان له‌م ساڵدا به‌ته‌واوی یه‌كلایی بكرێنه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت ده‌رگای خۆكاندیدكردن بۆ هه‌موو پۆسته‌كان بۆ ئه‌ندامه‌كانیان كراوه‌یه‌، به‌ڵام بۆچوونێك هه‌یه‌ پشتیوانی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ گه‌نج و ئافره‌ت بهێندرێنه‌ پێشه‌وه‌ و پۆستی گرنگیان پێ بسپێردرێت، ئه‌و سه‌ركردانه‌شی كه‌ سه‌ركردایه‌تی و ئه‌ندامانی یه‌كێتی لێیان رازی بن ده‌توانن به‌ده‌نگی ئه‌ندامانی كۆنگره‌ بمێننه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت هێشتا زووه‌ باسی كاندیدی سكرتێری گشتی بكرێت. یه‌كێتى له‌ ته‌مه‌نى خۆیدا سێ كۆنگره‌ى به‌ستووه‌ له‌ مانگى 1ى 1991 یه‌كه‌م كۆنگره‌ى ده‌ستپێكردوو، ناوه‌راستى 2010 به‌ ئاماده‌بوونى مام جه‌لال دوایین كۆنگره‌ى كرد، 2013 له‌ برى كۆنگره‌ پلنیۆمێكى یه‌ك كاتژمێرى به‌ست، پلنیۆم بڕیاریدا 31ى1ى2014 كۆنگره‌ ببه‌سترێت، به‌ڵام دواى ئه‌و به‌رواره‌ چه‌ندین واده‌ى دیكه‌ بۆ كۆنگره‌ دیاریكران له‌ هیچ كامیان كۆنگره‌ نه‌كرا.