کوردستان

09:57 - 02/12/2018

عادل عەبدولمەهدی لەسەر وەزارەتی داد كۆتا قسەی بە بەرهەم ساڵەح گوتووە‌

پەیسەر

عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەرهەم ساڵەح سەرۆك كۆماری ئاگادار كردووەتەوە لەوەی كە یەكێتی وەزارەتی دیكە لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق وەرناگرێت، و یەكێتیش دەیەوێت لە رێگەی ئێرانەوە دوا هەوڵی خۆی بدات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی پەیسەر لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لە بەغداوە دەستیكەوتووە، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بە راشكاوی بە د. بەرهەم سەرۆك كۆماری وتووە، یەكێتی وەزارەت وەرناگرێت.

هەر بەپێی زانیارییەكانی پەیسەر، یەكێتی دەیەوێت دوا هەوڵی خۆی لەگەڵ ئێران بدات و ئەو وڵاتە رازی بكات بەوەی وەزارەتی داد بدرێت بە یەكێتی، بەڵام تا ئێستا ئێران رازی نییە.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكرد ئێران و پارتی لێكتێگەیشتنێكیان هەیە لەو بارەیەوەو ئێران لەبەر پارتی نایەوێت جارێكی دیكە هاوشێوەی بابەتی سەرۆك كۆمار یەكێتی براوە بێت و داواكانی پارتی لەبەرچاو نەگرێت.

گوتیشی، سەردانی شاندی یەكێتی بۆ بەغدا وەك دوایین هەوڵە كە دەیەوێت رەزامەندی ئێرانییەكان وەربگرێت بۆ وەرگرتنی وەزارەتی داد، ئەوەشی بە "ئەگەرێكی بچوك"وەسفكرد.

دوێنێ‌ فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، بە پەیسەری راگەیاند، حزبەكەی لە پارتی نائومێد بووە بۆ وەرگرتنی وەزارەتی داد و چیدی گفتوگۆ لەگەڵ ئەو حزبە ناكەن.

گوتیشی، رۆژی یەكشەممە(ئەمڕۆ) شاندێكی یەكێتی بە سەرۆكایەتی د. بەرهەم ساڵەح سەردانی بەغدا دەكەن و لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان كۆدەبنەوە بۆ ئەوەی دەنگ بە كاندیدی یەكێتی بدرێت لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ وەرگرتنی وەزارەتی داد.

پێشتر پەیسەر ئەوەی بڵاوكردبووەوە كە مەسعود بارزانی لە سەردانی بۆ بەغدا بە عادل عەبدولمەهدی وتووە، كە یەكێتی وەزارەتی ناكەوێت و بە سەرۆك كۆمار پشكی خۆی وەرگرتووە، راشیگەیاندبوو لاری نییە لەوەی وەزارەتی داد جگە لە یەكێتی بە لایەنێكی دیكە بدرێت.