کوردستان

03:11 - 13/04/2019

شاندى پارتی سه‌ردانى كۆمه‌ڵى ئیسلامى ده‌كات‌

پەیسەر

 

بڕیاره‌ دوای رێككه‌وتنی پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان ده‌رباره‌ی كابینه‌ى حكومه‌ت، شاندێكى دانوستانكاری پارتی سه‌ردانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی بكات.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ستیكه‌وتووه‌، پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌ردانێكى دیكه‌ى كۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌كات له‌سه‌ر پرسى پێكهێنانى كابینى نوێى حكومه‌ت ئه‌وه‌ش دواى داواكارى گۆڕان بۆ به‌شدارى كۆمه‌ڵى ئیسلامى له‌ كابینه‌ى نوێ له‌ دوایین كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ پارتى.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت سه‌ردانه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ دوای رێككه‌وتنی گۆران و پارتی و یه‌كێتی ده‌رباره‌ی كابینه‌ی حكومه‌ت، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌رچی یه‌كگرتووی ئیسلامی رایگه‌یاندووه‌ ده‌بێته‌ ئۆپۆزسیۆن به‌ڵام شاندی دانوستانكاری پارتی سه‌ردانی ده‌كات، بۆ دۆزینه‌وه‌ی میكانزمێك بۆ هاوكاری و كاری هاوبه‌ش له‌پێناوی سه‌ركه‌وتنی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم.

كۆمه‌ڵى ئیسلامى و پارتى تا ئێستا دوو كۆبوونه‌وه‌یان كردووه‌و نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن، بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان چه‌ند جارێك له‌ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پارتى پێداگرى كردووه‌ كه‌ كۆمه‌ڵى ئیسلامیش به‌شدارى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت بكات.