10:52 - 13/04/2019
ره‌وانه‌كردنى پاره له به‌غداوه مووچه‌ى پێشمه‌رگه زیاد ده‌كات؟
دواى دابینكردنى به‌شێك له بودجه‌ى پێشمه‌رگه له‌لایه‌ن حكومه‌تى عێراقه‌وه به‌پێى یاساى بودجه، پێناچێت حكومه‌تى هه‌رێم به‌رنامه‌ى هه‌بێت بۆ چاككردنى مووچه‌و گوزه‌رانى پێشمه‌رگه، به‌رپرسێكى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه باس له‌وه‌ده‌كات له‌گه‌ڵ به‌غدا گرفته‌كانیان كۆتایى نه‌هاتووه‌و كێشه‌ى دیكه هه‌یه و پێویستى به دانوستانى هه‌ردوولایه.
به‌پێى یاساى بوودجه‌ى عێراق مانگانه 68 ملیار دینار ره‌وانه‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌كرێت، بۆ بوودجه‌ى پێشمه‌رگه، حكومه‌تى عێراق بودجه‌ى چوار مانگى یه‌كه‌مى ئه‌مساڵى پێكه‌وه واژۆكرد كه 272 ملیار دیناره و پێكه‌وه دێت، بۆ ته‌واوى 2019 بڕیاره له به‌غداوه 816 ملیار دینار بۆ پێشمه‌رگه ره‌وانه بكرێت.
ئه‌میندارى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه ده‌ڵێت، ئه‌وان بۆ دابینكردنى مووچه‌ى پێشمه‌رگه مانگانه پێویستیان به 140 ملیار دیناره كه 21 ملیارى ئه‌مریكا دابینى ده‌كات و پاره‌كه‌ى ئه‌مریكا بۆ لیوا تێكه‌ڵه‌كانه‌و به پێشمه‌رگه‌كانى حزب پاره نادات، جه‌بار یاوه‌ر بۆ په‌یسه‌ر پرێس گوتى، حكومه‌تى عێراق تا ئێستا مامه‌ڵه‌ى ده‌ستوورى له‌گه‌ڵ هێزه‌كانى پێشمه‌رگه ناكات.
ئێستا له‌و 140 ملیاره‌ى بۆ بودجه‌ى پێشمه‌رگه پێویسته، 21 ملیارى ئه‌مریكا له ئه‌ستۆى گرتووه‌و 68 ملیاریش حكومه‌تى عێراق ده‌یدات، واته ئه‌وه له ئه‌ستۆى حكومه‌تى هه‌رێم ده‌مێنێته‌وه 51 ملیار دیناره، جه‌بار یاوه‌ر ده‌ڵێت، هێشتا مه‌سه‌له‌ى بودجه و میكانیزمى هه‌ماهه‌نگی هێزه‌كان و دابینكردنى چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نى دیارترین كیشه‌كانى نێوانیانه له‌گه‌ڵ به‌غدا، ئه‌و پێیوایه سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه وه‌كو پاسه‌وانى هه‌رێم له ده‌ستوردا ئاماژه‌ى پێكراوه به‌ڵام حكومه‌تى عێراقى تاوه‌كو ئێستا ئه‌م هێزانه هه‌ژمار ناكات.
گوتیشى له ساڵى 2007 ه‌وه سه‌رقاڵى دانوستانن سه‌ره‌ڕاى لێكتێگه‌یشتنى نێوانیان له‌سه‌ر هه‌ست خاڵ، هێشتا به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا كێشه‌كان چاره‌سه‌رنه‌كراون. لێكدانه‌وه‌ى قانوونى و بیروڕاى جیاواز سه‌رچاوه‌ى چاره‌سه‌رنه‌كردنى كێشه‌كانن.
تا ئێستا 14 لیواى پێشمه‌رگه یه‌ك خراون و ژماره‌یان 45 هه‌زار پێشمه‌رگه‌یه و سه‌ر به وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ن، یه‌كه‌كانى 70و 80 هێزى حزبن و ته‌نها مووچه‌یان لاى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌یه و یه‌كێتى و پارتى سه‌رپه‌رشتیان ده‌كه‌ن ژمارەیان 120 هەزارە، ژماره‌یه‌كیان پاسه‌وانى به‌رپرسه‌كانن.
به‌پێى به‌دواداچوونى په‌یسه‌ر پرێس له‌سه‌ر مووچه‌ى پێشمه‌رگه، به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه ده‌ڵێن پلان نییه بۆ چاككردنى مووچه‌ى پێشمه‌رگه‌و یه‌كخستنیان له‌گه‌ڵ مووچه‌ى وه‌زاره‌تى ناوخۆ، هه‌رچه‌ند ئێستا به‌شێكى زۆرى مووچه‌ى پێشمه‌رگه له به‌غداوه دێت، كۆنگرێسى ئه‌مریكاش له رابردوودا جارێك به 500 ملیۆن دۆلار و جارێكى دیكه به 350 ملیۆن دۆلار هاوكارى پێشمه‌رگه‌ی په‌سه‌ندكردووه.
ناسر هه‌ركى ئه‌ندامى لیژنه‌ى به‌رگرى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق به په‌یسه‌رى گوت، عادل عه‌بدولمه‌هدى واژۆى له‌سه‌ر بڕى 816 ملیار دیناركرد بۆ ماوه‌ى یه‌ك ساڵ، كه له بودجه‌ى عێراق و له چوارچێوه‌ى بوودجه‌ى وه‌زاره‌تى به‌رگرى بۆ هێزه‌كانى پێشمه‌رگه ته‌رخانكراوه، چوار مانگى رابردووش به‌هۆى ئاماده‌نه‌كردنى لیستى مووچه ره‌وانه‌كردنى مووچه دواكه‌وتبوو.
به‌پێى بڕگه‌ى پێنجى ماده‌ى 121ى ده‌ستوورى عێراقى، هێزه‌كانى پێشمه‌رگه به‌شێكن له رێكخستنى به‌رگرى عێراقیی و وه‌كو پاسه‌وانى هه‌رێم له ده‌ستوردا ناویان هاتووه، ئه‌ركى ئه‌م هێزانه پاراستن و به‌رگریكردن ده‌بێت له هه‌رێمى كوردستان.
مه‌حمود حاجى عومه‌ر ئه‌ندامى خولى پێشووى په‌رله‌مان و شاره‌زاى كاروبارى پێشمه‌رگه بۆ په‌یسه‌ر گوتى"له وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه بندیوار و گه‌نده‌ڵییه‌كى زۆر هه‌یه، هه‌ر ئه‌مه‌شه وایكردووه كه ئامارى ڕاست و دروست نه‌نێرن بۆ حكومه‌تى ناوه‌ندى، چونكه به‌بڕواى ئه‌و ئه‌مه ده‌بێتە هۆكارى بڕینى مووچه‌ى ئه‌و هه‌زاران كه‌سه‌ى كه وه‌كو پێشمه‌رگه دایانمه‌زراندوون و وه‌ك پاسه‌وان خزمه‌تى خۆیان و به‌رپرسه‌كانیان پێده‌كه‌ن و كردوویانن به پاسه‌وانى باخه‌كانیان".
ئێستا به‌شێكى زۆرى بارگرانى مووچه‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه له كۆڵ حكومه‌تى هه‌رێم بووه‌ته‌وه‌و به‌غدا و واشنتن به‌شه زۆره‌كه‌ى دابین ده‌كه‌ن، پێشمه‌رگه چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌ن گۆڕانكارى له مووچه‌كانیان بكرێت به‌وپێیه‌ى سیسته‌مى مووچه‌ى پێشمه‌رگه هاوتاى هێزه‌كانى دیكه‌ى وه‌زاره‌تى ناوخۆ نییه، به‌ڵام حكومه‌ت و وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه به‌رنامه‌ى ئه‌تۆیان پێوه دیار نییه بۆ رێكخستنه‌وه‌ى گوزه‌رانى پێشمه‌رگه.